هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

یەكگرتووی ئیسلامی: دەبێت حكومەت داوا ڕەواكانی فەرمانبەران و هاوڵاتیان جێبەجێبكات

یەكگرتووی ئیسلامی: دەبێت حكومەت داوا ڕەواكانی فەرمانبەران و هاوڵاتیان جێبەجێبكات


دوێنێ چوارشەممە 2-9-2020 ئەنجومەنی سەركردیەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێداو تیایدا ڕایگەیاند: پێویستە حكومەت هەر چی زووترە چاكسازی ڕیشەیی و ڕاسەقینە دەستپێبكات لە شەفافكردن و گەڕاندنەوەی داهاتی نەوت و دەروازە سنووریەكان بۆ گەنجینەی حكومەت و ڕێكەوتنی دروست لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی ئەنجام بدات بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی ڕێك و دروست لەكاتی خۆیدا.

 


دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی رادەگەیەنێت .

دوێنێ چوارشەممە 2-9-2020 ئەنجومەنی سەركردیەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا بە سەرۆكایەتی بەڕێز هادی علی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا صلاح الدین محمد ئەمینداری گشتی یەكگرتوو،لە كۆبونەوەكەدا دۆخی خراپی سیاسی و ئابووری هەرێم و كاردانەوە جەماوەریەكان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و چەند بابەتێكی تری تایبەت بە ناوخۆی حیزب تاوتوێكرا ، لەومیانەدا چەند ڕاپۆرت و وەرەقەیەكی ئامادەكراو بیرورای لەبارەوە ئاڵۆگوركراو پەسەندكران.

سەبارەت بە دواكەوتن و كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەكان ، كۆبونەوەی سەركردایەتی جەختیكردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و بەردەوامی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی مافی ڕەوای فەرمانبەران و توێژەكانی جەماوەر بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایەتیەكانیان بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە هەموو توندوتیژیەك ، لەومیانەدا كۆبونەوەی سەركردایەتی داوادەكات كە حكومەت داوا ڕەواكانی فەرمانبەران و جەماوەری ناڕازی جێبەجێبكات و موچەكانیان بێ كەمكردنەوە و لێبڕین و دواخستن مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەشبكات، هەروەك داوادەكات كە هێزە ئەمنیەكان بەهیچ شێوەیەك توندوتیژی و ڕاوەدونان و دەستگیركردن بەرامبەر جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندانی مەدەنیانە و چالاكوانان و میدیاكاران بەكارنەهێنن.

 

هەر لەم بۆنەیەدا كۆبونەوەی سەركردایەتی جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە حكومەت هەر چی زووترە چاكسازی ڕیشەیی و ڕاسەقینە دەستپێبكات لە شەفافكردن و گەڕاندنەوەی داهاتی نەوت و دەروازە سنووریەكان بۆ گەنجینەی حكومەت و ڕێكەوتنی دروست لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی ئەنجام بدات بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەكی ڕێك و دروست لەكاتی خۆیدا.

 

لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبونەوەی سەركردایەتی جەختیكردەوە لەسەر پێویستییەتی تەواوكردنی یاسای هەڵبژاردنەكان و دەستەبەركردنی پێداویستیەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی خاوێن و شەفاف و دوور لە تەزویر هەموو جۆرە فشار و دەستێوەردانێك، لەومیانەدا كۆبونەوە داوایكرد كە ئەنجومەنی كاروباری حكومەت و پەرلەمان و دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ بەشداربونێكی كارا و و گونجاو بەو شێوازەی كە سەركردایەتی بڕیار لەو بارەیەوە وەردەگرێت.

لەكۆتاییدا كۆبونەوەی سەركردایەتی سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی تێكرای ئەنجومەن و دەزگاكان و مەڵبەندەكان و ڕێكخراوە خێرخوازیەكان و پزیشكان و تەندروستكاران و سەرجەم ریكخستەكان كرد كە لەم بارودۆخی قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنایەدا بەردەوام بوون لە خزمەتكردنی هاوڵاتیان و بەدەمەوەچوونی هەر كار و ئەركێك روی تێكردبن، و هیوای خواست كە خوای گەورە و دلۆڤان ئەم پەتای كۆرۆنایە لەسەر مرۆڤایەتی سوك بكات و شیفای توشبووەكان بدات و ئەوانەش كە گیانیان لەدەستداوە بەبەهەشتی بەرینیان شادبكات.