ئامانجەکان

ئامانجەکان

لەپێناو هێنانەدی ئەم ئامانجانە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تێدەكۆشێت:

1- بوژاندنەوەو پابەندبوونی زیاتر بە بەها ئیسلامیەكانەوە لە ژیانی تاكە كەسی‌و خێزان‌و كۆمەڵگاداو، پەرەدان بە گیانی چاكەخوازیی‌و بیری میانەڕەویی لە ناو كۆمەڵگەدا.

2- هەوڵدان بۆ بەدەستوریكردنی ژیانی سیاسیی‌و سیستمێكی حوكمڕانی پەرلەمانی دادپەروەر لە هەرێمی كوردستانداو دەستەبەركردنی سیستمی كارگێڕیی لامەركەزیی.

3- پاراستنی دەستكەوت‌و مافەدەستورییەكان و بەدیهێنانی سەرجەم مافەكانی گەلی كوردستان‌و بە دەستهێنانی پشتیوانی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی‌و گەلانی موسڵمان‌و ناوچەكەو ناوەندە جۆراو جۆرەكان بۆ سەربەخۆیی، وەك مافێكی سروشتی هەرنەتەوەیەك .

4- بەشداریی لە پرۆسەی گێڕانەوەو چەسپاندنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان .

5- دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ‌‌و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی‌و سەقامگیری سیاسیی نێوانمان‌و دۆزینەوەی فۆرمی نوێی پێكەوەژیان لەسەر بنەمای رێزو بەرژەوەندی هاوبەش .

6- پشتگیری كردنی دۆزی رەوای كوردو مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان بە ڕێكاری ئاشتی‌و دیموكراسی .

7- پشتگیری كردنی مافە سیاسی‌و مەدەنی‌و نەتەوەیی‌و ئاینیەكانی نەتەوەی توركمان‌و كلدو سریان‌و ئاشووری و عەرەب‌و یەزیدی‌و كاكەیی‌و سەرجەم پێكهاتە ئاینیی‌و مەزهەبی‌و نەتەوەییەكانی دیكەی گەلی كوردستان .

8- بەنیشتیمانیكردنی دام‌و دەزگا حوكمڕانیەكان‌و كۆتایی هێنان بە هەژموونی حیزبی لەسەریان‌و، رێكخستنی پەیوەندیەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات‌و، بوار رەخساندن بۆ بەشداری كارای هەموو پێكهاتەكانی هەرێم، دوور لە هەموو چەشنە هەڵاوێركردنێك لە تەواوی كایە سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتیەكاندا .

9-كاراكردنی ڕۆڵی چاودێری پەرلەمان‌و داواكاری گشتی‌و دیوانی چاودێری دارایی‌و دەستەی دەستپاكی، بە مەبەستی چاكسازیی بنەڕەتی هەمەلایەنەو قەڵاچۆكردنی دیاردەی گەندەڵیی.

10- بەدیهێنانی دادپەروەری سیاسیی‌و كۆمەڵایەتی لە دابەشكردنەوەی دەسەڵات‌و ساماندا‌و، شەفافیەت لە پرسی نەوت‌و گاز‌و گشت داهاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستاندا .

11- بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی پێشمەرگە لە پاراستنی كوردستان‌و بە نیشتیمانیكردنی دام‌و دەزگاكانیان‌و پێشكەشكردنی خزمەتی شیاو بە كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و قوربانیانی كیمیاباران .

12- پەروەردەكردن‌و پێگەیاندنی تاكی پەیامدارو خێزانی بەختەوەرو بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی گەشەسەندوو.

13- پشتگیریی كردنی میدیای ئازادو رۆژنامەگەریی ئەهلیی‌و پشتیوانیكردن لە دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و كاراكردنی ڕۆڵیان بۆ بەشداریكردن لە گەڵاڵەكردنی پڕۆژە یاساكان‌و چاودێری دام‌و دەزگاكان‌و قوڵكردنەوەی گیانی دیموكراسی‌و فرەحزبی‌و لێبوردەیی لە كۆمەڵگەداو نەبەزاندنی بەها باڵاكان.

14- بەرگریكردن لە مافی توێژە هەژارو كەمدەستەكانی كۆمەڵگە‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتیەكان لە دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان . 

15- بەدیهێنانی چاكسازی كۆمەڵایەتی، بۆ نەهێشتنی نەریتە نامۆكان‌و دیاردە ناپەسەندو دژە نەتەوەییەكان.

16- پشتیوانی كردن لە بەشداری سیاسیی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و پەروەردەیی زیاتری ئافرەتان‌و كۆتایی هێنان بە ستەمی كۆمەڵایەتی دژیان‌و هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەر دۆخێك كە پێچەوانەی مافە رەواكانیانە. 

17- چەسپاندنی بەهاكانی خێزان‌و رەتكردنەوەی توندوتیژی خێزانی‌و، پارێزگاریكردن لە مافەكانی منداڵ.

18- داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووریی نیشتمانی‌و نەتەوەیی ڕوون‌و، پتەوكردنی ژێرخانی ئابووریی‌و بەرهەمهێنان‌و فرەیی سەرچاوەكانی داهات‌و، برەودان بە كەرتەكانی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداریی‌و پیشەسازیی و، گەشتیاریی‌و بوارەكانی دیكەو، پارێزگاریكردن لە بەرهەمە خۆماڵییەكان‌و كۆتایهێنان بە پاوانخوازی‌و لابردنی كۆت‌و بەندەكانی سەر كەرتی تایبەت‌و، پاراستنی مافەكانی كرێكاران‌و بەكاربەران‌و توێژە كەمدەستەكان‌و سەرمایەی ناوخۆیی‌و گرنگیدان بە گوندەكان .

19- چاكسازی پەروەردەیی لە دام‌و دەزگا پەروەردەییەكانی هەرێم‌و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی سەرجەم ئاستەكانی خوێندن‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی‌و ئاستی پەروەردەیی قوتابی‌و بەرز راگرتنی پیشەی مامۆستایەتی .

20- بەهێزكردنی ئینتمای نیشتمانی لاوان‌و بەشداری پێكردنیان لە كایە سیاسییەكاندا‌و پاراستنیان لە لادان‌و مادە بێهۆشكەرەكان‌و، داڕشتنی سیاسەتێكی نیشتمانی بۆ بەدەمەوە هاتنی خواست‌و چاوەڕوانیەكانیان‌و گەشەدان بە تواناكانیان ‌و بنەبڕكردنی هەموو ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی كۆچكردنی لاوان‌و هاوڵاتیان .

21- گەشەدان بە وەرزش‌و وەرزشكاران‌و وەڵامدانەوەی خواست‌و پێداویستەكانیان .

22- پشتگیریكردنی بزاڤی نوێكردنەوەو تیۆریزەكردنی فیكری ئیسلامیی‌و دیالۆگی نێوان ئاراستە فیكری‌و سیاسیەكانی كوردستان‌و نووسەرو رۆشنبیران‌و گەشەدان بە ئەدەب و هونەری رەسەن‌و گرنگیدان بە توێژینەوەی زانستی .

23- چاكسازیكردن لە سیستمی تەندروستی هەرێم‌و پارێزگاریكردن لە ژینگەی كوردستان‌و پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو .

24- پشتیوانیكردن لە ڕۆڵی زانایان‌و بانگخوازان‌و بەرز ڕاگرتنی ڕۆڵی مزگەوت لە پاراستنی كۆمەڵگاو ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی‌و بایەخدان بە بەها ئیسلامییەكان .

25- گرنگیدان بە ڕەوەندی كوردی لە هەندەران‌و پاراستنی كولتوری ڕەسەنیان‌و بەهێزكردنی ئینتیمای نیشتمانییان‌و كاركردن بۆ بەهرەمەندبوون لە تواناكانیان، لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەماندا .

26- پشتگیریكردنی ڕێكخراوە مەدەنی‌و پیشەیی‌و جەماوەرییەكان‌و برەودان بە توانا پیشەییەكان‌و بەهرەمەندبوون لێیان بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگە.