بنەما گشتیەکان

بنەما گشتیەکان

1- بنەماكانی ئیسلام سەرچاوەن بۆ رەهەندەكانی كاری یەكگرتوو .

2- بەها مرۆییە چەسپاوەكان‌و ئەزموون‌و دەسكەوتە مرۆییەكان، ئیلهام بەخشن بۆ بوارە جۆراوجۆرەكانی كار لە یەكگرتوودا .

3- گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەكانە‌و، فرەیی سیاسیی‌و، دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بە هەڵبژاردن‌و، چەسپاندنی بنەما دیموكراسیەكان‌و نیشتمانی بوونی حكومەت‌و مامەڵە كردن لەگەڵ جەماوەر لە سەر بنەمای مافەكانی هاوڵاتیی بوون، بێ‌ هیچ هەڵاوێركردنێك، بناغەی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و سەقامگیری سیاسین.

4- حوكمڕانی راشیدو دادگەرانە، ئامانجێكی ئیسلامیی‌و خواستێكی گشتی‌و پێویستییەكی ژیانە، بۆ دەستەبەركردنی مافە یاسایی‌و سیاسیی‌و ئابوریی‌و كۆمەڵایەتییەكانی هاوڵاتیان .

5- بەهێزكردنی رۆڵی چاكسازیی مزگەوت و پێگەی زانایانی ئیسلام‌و پاراستنی ماف و رۆڵی پێشەنگییان لە ناو كۆمەڵگادا، لەپێویستیە سەرەكیەكانی پاراستنی رەسەنایەتی كۆمەڵگەكەمانن. 

6- پاراستنی رێزو كەرامەت‌و ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤ بێ‌ هەڵاوێركردن‌و جیاوازی‌و چەسپاندنی لە دەستوردا، ئەركێكی سەرەكیمانەو جاڕنامە جیهانیەكانی مافەكانی مرۆڤیش بە دەستكەوتێكی مرۆڤایەتی دەزانین، بە مەرجێك پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بنەماكانی ئیسلام .

7- رەتكردنەوەی هەموو چەشنەكانی پاكتاوكردن‌و تیرۆرو توندوتیژی‌و پەڕگیریی لە فیكرو لە هەڵسوكەوتدا .

8- كورد نەتەوەیەكی سەربەخۆیەو، بەشێكە لە ئوممەتی ئیسلامیی‌و ناسنامەی تایبەت بەخۆی هەیە، مافی خۆیەتی كە چارەنووسی خۆی دیاری بكات‌و، ئەندامێكی سەربەخۆی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی‌و دامەزراوەكانی بێت .

9- گەلی كوردستان یەك خێزانە – بێ‌ جیاوازیی‌و هەڵاوێردن – كوردستانیش نیشتمانی هەموانە، زێدی پێكەوە ژیانی دانیشتوانەكەیەتی، بە هەموو نەتەوەو ئاین‌و ئاینزاكانەوە، داهات‌و سامانە سروشتییەكان موڵكی گشتین‌و، مافی هاوبەشی هەموانن .

10- چاكسازیی بنەڕەتیی لە بواری سیاسیی‌و كارگێڕیی و ئابوری‌و، كاراكردنی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی‌و پاراستنی سەربەخۆیی دادگاكان‌و، سەروەری یاساو شەفافیەت، گەرەنتی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی‌و چارەسەری گەندەڵین .

11- بەشداریی كارای ئافرەت لە كاری سیاسیی‌و چاكسازیی كۆمەڵایەتی‌و چەسپاندنی رۆڵی تەواوكاریی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، زامنی گەشەكردن‌و سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەكن .

12- سازكردنی زەمینەی گونجاو بۆ گەشەدان بە لێهاتنەكانی قوتابیان‌و لاوان‌و كاراكردنی بەهرەو تواناكانیان، بنەمای بەدەستهێنانی ئایندەیەكی پرشنگدارن بۆ هەر نەتەوەو گەلێك .

13- مێژووی ئیسلامیی و كولتور و كەلەپوری نەتەوەكەمان، ئەزمونی مرۆیی سنوردارن بە كات‌و شوێنی خۆیان، سوود لێوەرگرتنیان بەندە بەڕادەی گونجاوی‌و وەڵامدانەوەیان بۆ پێویستی و پێشهاتەكانی سەردەم، بەگوێرەی تێگەیشتنی مەبەستدارانە (مقاصد)یانە بۆ ئیسلام .

14- گفتوگۆی زانستی و بابەتیانە زامنی چارەسەری بنەڕەتین بۆ پرسە فیكریی‌و سیاسیی‌و ئایدۆلۆژییەكان. 

15- هاوسەنگی كاری پەروەردەیی و بونیادنانی تاك‌و خێزان‌و كۆمەڵگە‌و خەبات لە پێناو دەستەبەركردنی دادپەروەریدا، زامنی سەلامەتی رەوتی چاكسازییانەی یەكگرتووە، لە هەردوو گۆڕەپانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیدا .

16- یەكگرتوو، باڵادەستیی‌و دەمارگیریی حیزبی‌و مەزهەبی‌و دەمارگیریی نەتەوەیی رەت دەكاتەوەو بۆ سڕینەوەی ئاسەوارو كولتوری دیكتاتۆرییەت تێدەكۆشێت‌و بەشداریی پرۆسە‌و، بڵاوكردنەوەی رۆشنبیریی دیموكراسیی‌و مافەكانی مرۆڤـ و پێكەوەژیانی ئاشتیخوازانەو ئارەزومەندانەی نێوان پێكهاتەكان دەكات.