هەواڵ و چالاکی مەڵبەندەکان

بەیاننامەی مەڵبەندی (12) ی سۆرانی یەكگرتوو بەبۆنەی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی قەزای سۆران و دەوروبەری

بەیاننامەی مەڵبەندی (12) ی سۆرانی یەكگرتوو بەبۆنەی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی قەزای سۆران و دەوروبەری

 

 

لە بەرواری 10/3/1991 كە بووە هۆی ئازادكردنی تەواوی شاری سۆران و دەوروبەری لە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسی دیكتاتۆر.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەیە :

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
بەیاننامەی مەڵبەندی (12) ی سۆرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی ڕاپەرینە شكۆدارەكەی قەزای سۆران و دەوروبەری لە بەرواری ( 10/3/1991 )
بەناوی مەڵبەندی 12 ی سۆرانی یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان گەرمترین و شیاوترین پیرۆزبای خۆمان لە جەماوەری شاری سۆران و شارو و شارۆچكەو كوندەكانی دەوروروبەر دەكەین كە توانیان لەماوەیەكی زۆر كەم دا ئەم دەڤەرە بەتەواوی لە دەستی رژیمی سەرسەختی دیكتاتۆری سەدام رزگار بكەن و ئاهەنگی سەركەوتن رابگەیەنن.
شایانی باسە لە دوای ماوەیەكی درێژ لە ژێرسایەی گەورەترین ستەم و ناعەدالەتی و قەتل و عامكردنی گەلانی عێراق بەگشتی و گەلی كورد بەتایبەتی كە لەسەر دەستی ئەو رژیمە رووبەرووی كیمیاباران و ئەنفال و راوەدونان و راگواستنەوەو بەعەرەبكردنی شارو شارۆچكەكانی و خاپوركردنی گوندو دێهاتەكانی بویەوە كەچی نەیتوانی ئیرادەی پۆڵاینی میللەتی كورد لە خەبات و تێكۆشانیان بۆ ئازادی و سەربەخۆی لاوازبكات ، بەڵكو رۆژبەرۆژ ورەو ئیرادەی زیاتر دەبوو تا وای لێهات ڕق و كینی پەنگ خواردووی جەماوەری كوردستان لە 5/3/1991 بەسەردیكتاتۆری زەمانە بڕێژێت و لە دەروازەی ڕاپەرینەوە دەستی پێ‌ كردو پاشان تەواوی شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە.
یەكێك لەو دەڤەرانەش كە هەر زوو خۆی لە ژێر دەستی دیكتاتۆریەت رزگار كرد دەڤەری سۆران و دەروبەری بوو كە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ لە 10/3/1991 تەواوی سنورەكە راپەری و لە ژێر چەپۆكی رژێمی بەعس رزگاری بوو.
شایەنی باسە ئەم دەڤەرە مێژویەكی دورو درێژی هەیە لە خەبات و تێكۆشان كە شارو گوندو دێهاتەكانی لانەی پێشمەرگەو شوڕشگیرەكان بووە لەم پێناوەشدا سەدان شهید و قوربانی داوە و شاخ و دەشتەكانی شاهیدی چەندین داستان و نەبەردین.
ئەمڕۆش كە یادی راپەرینی سۆران دەكەینەو داوا دەكەین هێزو لایەنەسیاسیەكان ناكۆكیەكانیانە وەلا بنێن و ئاوەرێك لە گرفت و نارحەتیەكان خەڵك بدەنەوە دام و دەزگا شەرعیەكان كارا بكەنەوە لە خزمەتی هاولاتیان وە لەسەر ئاستی سۆرانیش دەبینین تاكو ئێستا بە شێوەیەكی شایستە ئاوڕ لەم دەڤەرە نەدراوەتەوە گیرۆدەی چەندین گرفت و ئاستەنك بووتەوە بۆیە داوا دەكەین بە جددی ئاوەڕ لە خەڵكی ئەم دەڤەرە بدرێتەوە و بڕیاری بە پارێزگا بوونی سۆران جێبەجێ بكرێت چونكە لە هەموو ڕووەكان شایەستەی بە پارێزگا بوونە .
دووبارە رۆژی راپەڕین پیرۆز دەكەین .
سەربەرزی سەرگەوتن بۆ كوردو كوردستان.
سەرشۆری و شەرمەزاری بۆ دوژمنانی گەڵی كورد.

مەڵبەندی (12) ی سۆرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
10/3/2017