هەواڵ و چالاکی مەڵبەندەکان

مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكگرتوو لە یادی كارەساتی شارەكە، چوار خاڵ دەخاتە ڕوو

مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكگرتوو لە یادی كارەساتی شارەكە، چوار خاڵ دەخاتە ڕوو

 

 

مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكگرتوو لە یادی كارەساتی شارەكە، چوار خاڵ دەخاتە ڕوو

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
پەیامی مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی شەهیدی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی (16/3) ڕۆژی تاوانە گەورەكەی هەڵەبجە
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
خەڵكی كارەسات باری پارێزگای هەڵەبجە
كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان
حزب و حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان
ئەمڕۆ (31) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كارەساتە نەگریسەكەی بەهاری (16/3/1988) كە لەو ڕۆژەدا ڕژێمی قین لەدڵ بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی و بەهاوكاری دەوڵەتە زلهێزەكان ژەهر بارانی هەڵەبجەی كردو بە شێوازێكی زۆر دور لە مرۆڤانە خەڵكی ئەم شارەی ژەهر باران كرد.
لەئەنجامی ئەم جینۆسایدكردنەی هەڵە‌بجەو شارەزوورو هەورامان پێج هەزار شەهیدو دەیان هەزار بریندارو چەندین بێسەرو شوێنی لێ‌ كەوتەوە كەسەرەڕای وێرانكاری تا ئەم ساتەش كۆرپە ونبووەكان لەوڵاتانی دراوسێ‌ دەدۆزرێنەوەو بە كەس و كاریان شاد دەبنەوە، تا ئەم ساتەش هەر ڕۆژەو شاهیدی وەفاتی بەركەوتوویەكی چەكی كیمیایی دەبین.
هەڵەبجە لەشەڕو ماڵوێرانیدا قوربانی زۆری داوەو زۆرجار ئەم شەڕانە دانیشتوانەكەی هیلاك و بێزار كردوەو هەندێ‌ جار هەوڵیان داوە ئەم شارە كە زێدی باب و باپیرانیانە بەجێی بهێڵن.
جەماوەری سەبەرزی كوردستان
دوای ئەم هەموو كارەساتە بەسەر ئەم پارێزگایەدا هات دانیشتوانەكەی بڕیاری هەستانەوەو ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیاندا بە جۆرێك لەسەر ئەرك و ماندوبوونی خۆیان بێ‌ هیچ چاوەڕوانیەك لە حكومەت و دەسەڵات شارەكەیان ئاوەدان كردەوە, ئێستاش دوای (31) ساڵ هێشتا هەڵەبجەو دانیشتوانەكەی بەپێی گەورەیی كارەساتەكەو شەهیدو بریندارەكانی ئاوڕی جددی لـێنەدراوەتەوەو ئەوەش كە كراوە كەمەو دانشتوانی ئەم پایتەختی ئاشتییە چاوەڕوانی زیاتر دەكات.
بۆیە لێرەوەو لەم رۆژەدا داوا لە لەدەسەڵاتداران لەعێراق و كوردستان و وڵاتی دراوسێ‌ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە ئاوڕی زیاتر لەم شارە بدەنەوەو بۆ بەرچاو ڕونیتان ئەم خاڵانە دەخەینە ڕوو :
1. ئاوڕێكی جددی و بە پەلە لە بریندارانی چەكی كیمیاوی بدەنەوە، چونكە پاش (31) ساڵ نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەچارەسەری بەركەوتوان بە كەم و كوڕییەوە دەكرێتەوە.
2. هەوڵی زیاتر بدەن بە قەرەبووكردنەوەی خانەوادەو كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و ئەوانەی بەهۆی ئەم كارەساتەوە زیانیان بەركەوتووە لە ماددی و مەعنەوی.
3. هەوڵی بەپەلە بدرێت لە هێنانی كەرتی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری زیاتر وەك (نەخۆشخانەو قوتابخانەو یاریگاو پارك و ئاوەدانی) زیاتر بۆ ئەم پارێزگا نوێیە.
4. كاربكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی كەلە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەچووەو بڕگەیەكی تایبەتە بە ئاوارەكانی هەڵەبجە كە بە زیندانی سیاسی ئەژمار بكرێن و مووچەیان پێ دەدرێت لە لایەن حكومەتی ناوەندەوە.
لە كۆتاییدا دەڵێین:
ئەركی لایەنە پەیوەندیدارەكانە ڕاستگۆیانە بابەت و ڕووداوەكانی ئەم كارەساتە بەدیكۆمێنت بكەن و نەوە لەدوای نەوە بگوێزرێتەوە، چونكە ئەم كارەساتە بەڵگەی ئاشكراو حاشا هەڵنەگری لە خۆ گرتووە.
لێرەوە داوادەكەین جیهان لەم چەكە كوشندەیە پاك بكرێتەوەو لەناو ببرێت.
سڵاوو رێز بۆ گیانی پاكی شەهیدان
سەربەرزی و ژیانێكی شایستە بۆ دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجە
16/3/2019