هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجومەنی زانایان وبانگەواز: ئەو بەناو مەلایەی سوکایەتی بە ئیمام،ئەشعەریەوە کرد ئەبێت دادگایی بکرێت

ئەنجومەنی زانایان وبانگەواز: ئەو بەناو مەلایەی سوکایەتی بە ئیمام،ئەشعەریەوە کرد ئەبێت دادگایی بکرێت

لە بەیاننامەیەكدا ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: لە کاتێک دا هەموو مسوڵمانێکی خەمخۆر بۆ دینەکەی لە سەنگەردا ئامادەباش بووە دژی ئەو هێرش و هەرەشانەی لەلایەن هێزگەلێکی جیهانی دەکرێتە سەر ئەخلاق و بیرو باوەری مسوڵمانان، و لەو کاتەی مسوڵمانانی خەمخۆر خۆیان بە عیلم و میکانیزمی نوێ چەکدارکردووە دژی ئەو هەوڵانە، شۆکبووین کە کۆمەڵێ خەڵک بەناوی دینەوە دەستیان داوە شەپۆلێک لەتەنگژە و پشێوی.

ئاماژەشیان بەوەكرد، سەرچاوەی ئەم حاڵەتە کەسانێکی نامەسئول وکەم سەلیقە و ڕەنگە دەستێکی تێکدەریش لەئارادا بێ، بەسانایی هێرش دەکەنە سەر بیروڕا و عەقیدەی میللەت و سوکایەتی بە گەورە زانایانی ئوممەت دەکەن

ئەوەشیان خستەڕوو، ئەو بەناو مەلایەی سوکایەتی بە ئیمام،ئەشعەریەوە کرد ئەبێت دادگایی بکرێت.

دەی بەیاننامەكە:

پەیامێکی خەمخۆرانە و بەرپرسانە لە ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

لە کاتێک دا هەموو مسوڵمانێکی خەمخۆر بۆ دینەکەی لە سەنگەردا ئامادەباش بووە دژی ئەو هێرش و هەرەشانەی لەلایەن هێزگەلێکی جیهانی دەکرێتە سەر ئەخلاق و بیرو باوەری مسوڵمانان، و لەو کاتەی مسوڵمانانی خەمخۆر خۆیان بە عیلم و میکانیزمی نوێ چەکدارکردووە دژی ئەو هەوڵانە، شۆکبووین کە کۆمەڵێ خەڵک بەناوی دینەوە دەستیان داوە شەپۆلێک لەتەنگژە و پشێوی، سەرچاوەی ئەم حاڵەتە کەسانێکی نامەسئول وکەم سەلیقە و ڕەنگە دەستێکی تێکدەریش لەئارادا بێ، بەسانایی هێرش دەکەنە سەر بیروڕا و عەقیدەی میللەت و سوکایەتی بە گەورە زانایانی ئوممەت دەکەن..، ئەگەر تەشهیر و ناوزڕاندن لەنێوان دوکەسی هاوئاست دا خراپ و مەحکومبێ، ئەبێ تەشهیر بەڵکو تۆمەتی ئەخلاقی و (قذف) لەکەسێکی بەناو مەلاوە بۆ ئیمام ابو الحسن الاشعری ئیمامی ئەهلی سونەت وجەماعەت، ئەبێ چ تاوانێکی گەورەبێ؟! لەبیریانچوو کە زۆرینەی لە مسوڵمانان لە پەیرەوانی ئەو ڕێبازەن؟! کەسانێک بەناوی سەلەفەوە هێرش دەکەنە سەر ئیمام ئەشعەریەوە.

ئەم هێرشەناڕەوا و نائەخلاقیە لەکوێی دین و زانست وئازادی بیروڕا و پێکەوەژیاندا جێی ئەکرێتەوە؟ ڕێگەدان بەم جۆرە کەس ودەنگە نەشازانە داخۆ جگە لەپشێوی ئەهلی و بەهەدەردانی وزەو تواناو توندگەرایی و سوکایەتی بەسەرجەم زانا و پێشینان و ڕەمزەکانی میللەتەکەمان چیتری لێ بەرهەمدێ؟ جگە لەوەی ئەمە هەڕەشەیە لەسەر شوناسی ئاینی و ئاشتی ئەهلیمان، ئەرکی هەموو دڵسۆزانە بەر بەم ڕەوتە تێکدەر و سەرلێشێواوە بگرن و زانایان وداواکاری گشتی بێنە پێشەوە و کەیسەکە بەرەو ڕووی دادگا بکرێتەوە، ئینجا هەڵمەتێکی ڕاستکردنەوە و ڕوونکردنەوە ئەنجام بدرێ، لەوانە گڕنگتر ئەوەیە کەبابەتەکە بەسیاسی نەکرێ و دەسەڵاتداران واز لەیاریکردن بەم جۆرە بابەتانە بهێنێ، ئەمە ستەمێکە یەخەی مێژووی گەورەپیاوانی ئوممەت و شوناس وئاینی میللەتەکەمانی گرتووە و چارەسەری یاسایی و زانستی نەکرێ دەرگای پەرچەکرداری هەڵە و دەستێوەردانی ناحەزانی دوور و نزیکمان لێ ئەکاتەوە، ئێمە لە ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وێڕای ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایە، هیواخوازین هەموو لایەک بەرپرسانە و بەسەلیقە و ئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ ناسکی دۆخەکە وئەرکی ڕێگری لە تەشەنەکردن بکات، بەڕێگەی دادگا و رێکاری مەدەنی تەعبیر لە بەرگری گەورە زانایانمان وشوناسی عەقیدەتی گەلەکەمان بکەن ..

ئەنجومەنی زانایان وبانگەواز

۷ذي الحجە ۱٤٤٤

۲٥/٦/۲٠۲۳