هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

یەكگرتوو بۆ عەفرین: ستەم لەهەر كەسێكەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت، ڕەتی دەكەینەوە

یەكگرتوو بۆ عەفرین: ستەم لەهەر كەسێكەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت، ڕەتی دەكەینەوە

 

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاو سوپای ئازادەوە بەیاننامەیەكە بڵاوكردەوە.


لە بەیانامەكەدا هاتووە" بەداخەوە جارێكی دیكە لە مانگی ئازار دا گەلەكەمان لە عەفرین ڕوبەڕوی ئازار وناسۆریەكی دیكە بووەوە ، دوای دوو مانگ لە بەرگریی و ڕوبەڕوبونەوە دواجار بە پشت تێكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ماف و ئیرادەی گەلەكەمان بووە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەكان، كوردانی عەفرین

ڕوبەڕوی ئاوارەیی و دەربەدەریی و كوشت و بڕین بونەوە و بەشێك لە خاكەكەشمان لەلایەن سوپای توركیا و هەندێك لە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە داگیركرا ".
هەروەك نوسراوە " ستەم لەهەركەسێكەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت ، بەرامبەر هەر كەسێك بكرێت، لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامیەوە ڕەتكراوەیە و دژی دەوەستینەوە".


دەقی بەیاننامەكە:


بەیاننامەی ئیدانەی ڕوداوەكانی عەفرین لەلایەن ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە


بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان


جەماوەری بەشەرەفی كوردستان..
هێزولایەنە سیاسیەكان.....
كورد و كوردستانیانی جیهان......


بەداخەوە جارێكی دیكە لە مانگی ئازار دا گەلەكەمان لە عەفرین ڕوبەڕوی ئازار وناسۆریەكی دیكە بووەوە ، دوای دوو مانگ لە بەرگریی و ڕوبەڕوبونەوە دواجار بە پشت تێكردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ماف و ئیرادەی گەلەكەمان بووە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەكان، كوردانی عەفرین ڕوبەڕوی ئاوارەیی و دەربەدەریی و كوشت و بڕین بونەوە و بەشێك لە خاكەكەشمان لەلایەن سوپای توركیا و هەندێك لە چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە داگیركرا .


ئێمە لە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، وێڕای هاوخەمی و هاوسۆزیمان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا، ئیدانەی ئەم كارەساتە دەكەین كە بەرامبەر بە گەل و خاكمان ئەنجام دراوە ، داواكارین لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم سیاسەتە دوژمنكاریەی كە دژ بە گەلەكەمان كراوە بێ دەنگ نەبێت، سنورێك بۆ ئەو جۆرە سیاسەتانە دابنێت و بە هانای گەلەكەمانەوە بێت و چارەسەرێكی سیاسیانە و ئینسانیی ئەو پرسە بكرێت.


ستەم لەهەركەسێكەوە بێت و لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت ، بەرامبەر هەر كەسێك بكرێت، لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامیەوە ڕەتكراوەیە و دژی دەوەستینەوە.
جارێكی دیكە دوپاتی دەكەینەوە كە ڕوبەڕوبونەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە پێویستی بە یەكڕیزیی سەرجەم لایەنە كوردستانیەكانە.
سەركەوتووبێت ئیرادەی گەلەكەمان...


ئەنجومەنی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
19/3/2018