هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان پرسی چاكسازی و موچەیان تاوتوێكرد

یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان پرسی چاكسازی و موچەیان تاوتوێكرد


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە 28-6-2020، شاندێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، پێشوازیان كرد لە شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن.

 

لە كۆبونەوەكەدا كە لەسەر داوای بزووتنەوەی گۆڕان بوو، پرسی چاكسازی و چارەسەری كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان بە گشتی و موچەخۆران بە تایبەت تاوتوێ كرا و بەپێویستیش زانرا لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت چارەسەری ڕیشەی بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە بە مەرجێك سودمەندی سەرەكی موچەخۆران بێت.

 

هەروەها گفتوگۆ لەسەر بارودۆخ و دوایین گۆڕانكارییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كراو جەختیش لەسەر هاوهەڵوێستی سەرجەم لایەنەكان كرایەوە سەبارەت بە ئەو گۆڕانكاری و ڕووداوانەی كە لە ناوچەكە ڕوو دەدەن.