هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ناوەڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى وه‌فدى باڵاى یه‌كگرتوو و یه‌كێتى

ناوەڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى وه‌فدى باڵاى یه‌كگرتوو و یه‌كێتى

له‌ سلێمانى  وه‌فدێكى باڵاى یه‌كێتى سه‌ردانى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستانى كرد و له‌لایه‌ن ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووه‌وه‌ پێشوازیان لێكرا.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27 ی حوزه‌یرانی 2020  لە شاری سلێمانی، بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێشوازی كرد لە وەفدێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی.

لە دیدارێكدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كراو جەخت لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكی هەرێم كرایەوەو ئاماژەش بەوەكرا كە پێویستە هەموو لایەنەكان بەگشتی و لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت بەتایبەت هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەری كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیان بە تایبەت پرسی دابینكردنی مووچە.

لەبەشێكی تری دیدارەكەدا گفتوگۆ دەربارەی چارەسەری كێشەكان لە نێوان هەرێم و بەغداد كراو بەپێویست زانرا هەوڵە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەكان چڕتر بكرێنەوە بەمەبەستی گەیشتن بەڕێككەوتنێك كە سودمەندی یەكەم تیایدا هاوڵاتیانی هەرێم بێت.