هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی كاك مەسعود بارزانی دەكات

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی كاك مەسعود بارزانی دەكات

 

دوێنێ چوارشەممە 19-2-2020 بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەیاوەری د.هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و د. سەلاحەدین بابەكر كارگێری ئەنجومەنی جێبەجێكردن و د. محەمەد هاودیانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندیەكانی یەكگرتوو سەردانی بەرێز كاك مەسعود بارزانی یان كرد.

 

لە دیدارەكەدا كاك مەسعود بارزانی وێرای بەخێر هاتنی گەرمی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین و وەفدی یاروەی، پیرۆزبایی سەركەوتنی كۆنگرەی هەشتەم و دووبارە هەلبژاردنەوەی مامۆستا سەلاحەدین بە ئەمینداری گشتی پێشكەش كردو، ڕۆڵ و هەڵوێستەكانی یەكگرتووی لە پرۆسەی سیاسی و قۆناغە ناسك و هەستیارەكانی ژیانی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەرز نرخاند.

 

لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا گفتوگۆو بیروڕا ئالوگۆڕ كرا.


سەبارەت بە گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە، بەتایبەتی ئەو قەیرانە سیاسیەی كە ئێستا عێراق پێیدا گوزەردەكات و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی لەبەغدا.

 

هەروەها لەتەوەرەیەكی دیكەی دیدارەكەدا رەوشی سیاسی هەرێم و تەحەددیاتی بەردەم خەڵكی كوردستان و ئەو هەڕەشە مەترسیانەی كە روودەكەنە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردستانی دەكەنە ئامانج گفتوگۆی لەسەركراو چۆنیەتی رووبەرووبونەوەو میكانیزمی چارەسەركردنیان خرانەڕوو.