هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پێشبڕكێی ئێمە بۆ خزمەتكردنە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: پێشبڕكێی ئێمە بۆ خزمەتكردنە

ئەمڕۆ یەك شەممە 29-12-2019، دووەم ڕۆژی كارەكانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی ئەندامانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكگرتووی ئیسلامی و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو كەس و لایەنانەی كرد كە هاوكاربوون لەسەرخستنی كۆنگرەی هەشتەم.

هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ووتیشی: ئەوەی لە ناو یەكگرتوودایە دەبێت ئەركی هەبێت و خولی چوارساڵی داهاتوو خولی پابەندی دەبێت، وە ماڵی یەكگرتوو ماڵێكی گەورەیەو هیچ كەسێكمان لێزیاد نیە و ئێمە لەچوارچێوەیەكی دیاریكراودا كارو چالاكیەكانمان ئەنجام دەدەین.

هەورەها ووتیشی: كاری چوار ساڵی داهاتووی یەكگرتوو نوێ بونەوەویەو كار بۆ پرۆژەیەكی گشتگیرو سەركەوتو دەكات، ئەم چوار ساڵە ئەولەویەتمان پەروەردەو پێگەیاندنی تاك و خیزانی تۆكمەو تەندروستە، وە ئێمە پەیمانگای كادیرانمان داناو كادیری بە تواناو لێهاتوو بەرهەم دەهێنین و ئەو پەیمانگایە ئیش و كاری فراوان دەبێت و لەبواری پەروەردەدا ڕۆڵ و كاریگەری خۆی دەبێت.
مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ووتیشی: بانگەواز بۆ بەرچاوڕونی و ڕونكردنەوەی پەیامی پیرۆزی ئیسلام بۆ هاوڵاتیان گرنگی تەواوی پێدەدرێت كە مۆركی حزبی پێوە نەبێت، بەڵكو مۆركی ئیمانی و پێكەوەژیانی پێوەبێت، وە ئیصلاحی كۆمەڵگە كاری لە پێشینەمان دەبێت و لەسەرجەم بوارەكانی ژیاندا خزمەتی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەكەین و مامەڵەیەكی دروست بەهەنگاو بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی سەركەوتو دەنێین.