هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: بۆ ئێمە شانازییە دەستمان لەگەندەڵیدا نەبوەو فلسێكی ئەم نیشتیمانە لەگەردنی ئێمەدا نیە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: بۆ ئێمە شانازییە دەستمان لەگەندەڵیدا نەبوەو فلسێكی ئەم نیشتیمانە لەگەردنی ئێمەدا نیە

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: كۆمەڵگە لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەدایەو ئێمە شانازی دەكەین كە دەستمان لەگەندەڵیدا نیەو نەبووە.

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە 25-4-2019، مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی سەردانی گەرمیانی كرد و لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامان و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كۆبویەوەو ڕایگەیاند: كۆمەڵگەی ئێمە لەبەردەم هەڕەشەیەكی گەورەی ئەخلاقی و ئیهمالیدایە، بۆیە پێویستە هەموومان بەئەركی سەرشانی خۆمان هەڵسین لەبەرامبەر ئەو هەڕەشانە، بەداخەوە ئەو ئەركە تەنها خەمی یەكگرتووەكانە، وە خەڵكی تر سەرمەستی بەشداریكردنی حكومەتە، ئەم كارەی ئێمە پشتكردن نیە لەكاری سیاسی بەڵكو بەدەمەوەچونی ئەركی ئەساسی خۆمانە.


هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: بەداخەوە نزیكەی حەوت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهاتوەو ئەوەش بارگرانی دروستكردوە بۆ هاوڵاتیان.


مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە پارەو پولمان نیە بیدەین بەئەندامانی خۆمان، بەڵكو ئێمە ئەخلاق و ئیمان و بەها باڵاكانمان مەبەستە.


ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ووتیشی: بۆ ئێمە شانازییە دەستمان لەگەندەڵیدا نەبوەو فلسێكی ئەم نیشتیمانە لەگەردنی ئێمەدا نیە، بەڵكو ئێمە تێكۆشاوین بۆ ئەوەی هاوكارو دڵسۆزی خەڵكی خۆمان بین، ئێمە لەگەڵ بەعسچی و ئەنفالچیدا نەبوین، كاتێك ڕژێم ڕوخا تەنها ئێمە بووین كە هیچ مەلەفێكمان نەبو لەگەڵ بەعسداو هەمیشە دژی بەعس بووین.


لە درێژەی ووتەكانیدا مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین دووپاتیكردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی سیاسەتی درۆینە ناكات و ناتوانین دەستبەرداری ئەخلاقیاتی خۆمان لە پێناو سیاسەتدا بین و ڕەنگە كەسێك بڵێت كەواتە واز لەسیاسەت بهێنن چونكە بەم پابەندییە بە ئەخلاقەوە ناتوانن بگەنە دەسەڵات، ئێمەش دەڵێین ناتوانین سازش بكەین لە بەها ئەخلاقیەكانمان لەپێناو كورسی و دەسەڵاتدا، ئێمە سیاسەت بە ئەخلاقەوە دەكەین، ڕۆژگاریش ڕاستی ئێمە بۆ خەڵكی خۆمان ڕوون دەكاتەوە.


هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر ئیمان بەخواو قیامەت دەربكەین لەفەرهەنگی یەكگرتوو ئیتر شتێك نامێنێت شانازی پێوە بكەین، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەو بناغە بەقیمەتەو هەركەسێك پێچەوانەی ئەم ڕەوتە بێت بەهەڵە خزێندراوەتە ناو یەكگرتوو.