هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ستەمكاران لە هەركوێ بن هەقی ستەمكردنەكانیان وەردەگرن

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ستەمكاران لە هەركوێ بن هەقی ستەمكردنەكانیان وەردەگرن

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەوانەی ستەم دەكەن و كردویانە هەقی ستەمەكەیان وەردەگرن و وەك یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆتای ئەمساڵدا هەشتەمین كۆنگرەی خۆمان دەبەستین.


سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 25-4-2019، مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی، سەردانی گەرمیانی كرد و لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەشێك لە ئەندامان و كادرانی یەكگرتوو، ڕایگەیاند: ئەوانەی لە ڕابردوودا و لە ئێستاو لە ئایندەشدا ستەم دەكەن، هەقی ستەمەكەیان لە دونیاو قیامەت وەر دەگرن و زۆرجار ستەمكار ڕەنگە بەخۆی نەزانێت كە ستەم و زوڵم دەكات، هەروەها لە ئەنجامیشدا ستەمكاران لە كۆتایدا دەچنەوە بەردەم خوای پەروەردگار و لێپرسینەوەی تەواویان لەگەڵ دەكرێت.


هەروەها ووتیشی: ئەوانەی ستەم دەكەن زۆرجار بۆ شاردنەوەی ستەمەكەیان پەنا بۆ باسكردنی ستەمی ستەمكارەكانی دیكە دەبەن ، بۆیە ئێمە شەڕمان لەگەڵ ستەمكاران و گەندەڵكارانە، بەڵام شێواز و توانا و لیهاتویەكانی خۆمان لەبەرچاو دەگرین و لەكات و شوێنی خۆیدا بەكاری دەهێنین.


لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەكە، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ووتی: ئێمە سەری خۆمان لە چەلەحانێ لە بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت سوك كردوە، هەروەها ئێمە دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی و چاودێری پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەكەین و بەرچاومان ڕونە چۆن ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بوون بگێڕین.


هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: لە كۆتای ئەمساڵدا كۆنگرەی هەشتەم دەبەستین و كاری باشمان كردوە لەسەر كۆكردنەوەی ناوخۆ و گەڕانەوە بۆ سەرەتاكانی كارەكانی كاروانی پڕ شكۆی یەكگرتووی ئیسلامی.


لەكۆتایدا ئامادەبوان دڵخۆشی خۆیان بۆ سەردانەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئیدارەی گەرمیان بەرزنرخاند و چەندین پرسیاریان لەسەر بارودۆخی ناوچەكەو عێراق و وڵاتانی دراوسێ ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی كردو مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین بەووردی وەڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە.

 

 

س ب