هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

دیدارو كۆبوونەوەكانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەبەغدا

دیدارو كۆبوونەوەكانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەبەغدا

 

 

ئەمڕۆ یەك شەممە مامۆستا سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە یاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و سەركردایەتی بەسەردانێكی چەند ڕۆژە گەیشتە شاری بەغدا.

(د. موحەمەد ئەحمەد) ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و ئەندامی شاندەكە بە سپێدەی راگەیاند: ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دیدارە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و حزب و لایەنە سیاسیەكانی عێراق بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و باسكردن لە رەوشی عێراق و ناوچەكەو دوایین رووداو پەرەسەندنەكان.

هەر ئەمرۆش ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی عێراقی كردو لەلایەن (بەنگین رێكانی) وەزیری ئاوەدانكردنەوە پێشوازیان لێكرا.

دواتر مامۆستا سەڵاحەددین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لە بەغدا سەردانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی كردو لەلایەن (مەعەن هیتاوی) سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێشوازی لێكرا.

هەروەها دوای عەسری ئەمرۆ یەكشەممە ئەمینداری گشتی و شاندی یاوەری سەردانی (فاتح یەڵدز) باڵیۆزی كۆماری توركیا لەبەغدا كردو بەگەرمی پێشوازی لێكرا.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی (عەمار حەكیم) سەرۆكی رەوتی حیكمە لە بەغدا كردو بەگەرمی پێشوازی لێكرا.

رۆژانی داهاتوو مامۆستا سەڵاحەددین ئەمینداری گشتی و شاندی یاوەری سەردانی لایەنە عێراقیەكان و باڵیۆزخانەو وەزارەتە سیادیەكانیش بكەن.

یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنەوەی عێراقی نوێ لەساڵی (2003) لە بەغدا كاریگەری و قورسایی خۆی هەیەو دەنگێكی بەهێز بووە بۆ بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد لە بەغداو ئێستاش دەیەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو پەیوەندییەكانی بەهێز بكاتەوە لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان و دەزگا فەرمیەكانی عێراق.

شایەنی باسە (خەلیل ئیبراهیم) كارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و (موحەمەد ئەحمەد و موحەمەد هاودیانی) ئەندامانی سەركردایەتی و (جەمال كۆچەر) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاوەری بەرێز ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بوون.