هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

پەیامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز

پەیامی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: بە داخەوە ئەمساڵ ئێمەی خەڵكی كوردستان بەدڵێكی بریندار و هەناوێكی پر لە حەسرەتەوە پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان ئەكەین ، لە كاتێكدا پێشوازی جەژن دەكەین كە دۆخی سیاسی هەرێم چەقبەستووە و حكومەت ئیفلیج كراوە و پەرلەمان پەكخراوە سەرباری ئەمە قوت و بژێوی هاوڵاتی كەوتووەتە مەترسیەوە .

مامۆستا سەلاحەدین محەممەد، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوكردەوەو تێیدا ڕایگەیاند: ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا بەو پەری نیگەرانی و دڵگرانیەوە دەروانینە ئەم حاڵەتە و بەراشكاوانە بەرپرسانی هەرێم و دەست رۆیشتوانی حكومەتی هەرێم ئاگادار ئەكەینەوە كە رەوانیە ئەم میللەتە رەسەن و خەمخۆر و خەباتگێرە تووشی ئەم سزاخانە و جەنگە دەروونی و رووتكردنەوەیە بكرێ و پاداشتی رەنج و خەبات و شۆرش و تێكۆشانی ئاوا بدرێتەوە..؟