هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمیندارى گشتیى یەکگرتوو: کەسێک خۆى دزبێت چۆن دەتوانێت ڕێگرى لە دز بکات

ئەمیندارى گشتیى یەکگرتوو: کەسێک خۆى دزبێت چۆن دەتوانێت ڕێگرى لە دز بکات

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ هەینی بەرواری 27/4/2018 بە ئامادەبوونی مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و نوێنەری رابەری گشتی مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی و مامۆستا سەعید عەلی عەبۆ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی کەرنەڤاڵى لیستى 175 ئیسلامخوازانى ئیسڵاحخواز لە گەرمیان سازکرا ، 

لە وتەیەکیدا لەبەردەم جەماوەری کەرنەڤاڵی لیستی 175 ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان ڕایگەیاند: دەسەڵاتى هەرێم نەیتوانیوە برینى گەرمیانیەکان ساڕێژ بکات و ئێمەى ئیسلامخوازان لەسەرەتاى ڕاپەرینەوە سواڵمان کرد تا هەژارى کەمبکرێتەوە، لە کارە خێرخوازییەکاندا دەسەڵات ڕێگریان لێدەکردین تا کار گەیشتە ئەوەى هەموو میللەتیان برسى کرد.
ئەمینداری گشتی گوتى: کەسێک خۆى دزبێت چۆن دەتوانێت ڕێگرى لە دز بکات و دەسەڵاتى کوردستان ڕووبەڕووى پیسخۆرى و گەندەڵى بووە و ئیسڵاح بە کەسى پیسخۆر ناکرێت.
لە درێژەى قسەکانیدا مامۆستا سەڵاحەدین زیاتر گوتى: دەمانەوێت لە بەغدا مافە دەستووریەکان بگەڕێنینەوە و پێویستە بزانین کێ دەکەینە وەکیلى خۆمان تا شەڕ بۆ گەلى ئێمە بکات لە بەغدا، پێویستیشە نوێنەرەکانمان وەکیلى میللەت بن و هیوادارین زۆرترین دەنگ بە کاندیدەکانمان بدرێت تا زۆرترین بەرگری لەگەلەکەیان بکەن.
لە کۆتاییدا ئەمینداری گشتی ئاماژەیدا بەوەی کە پێویستە ڕۆژى 12ى 5 بکرێتە ڕۆژى تۆڵە سەندنەوە لە گەندەڵکاران. ئەوەشى دووپاتکردەوە: بە جنێوفرۆشتن و تێکدانى ئەمنیەتى وڵات ناگەینە هیچ ئەنجامێک. جەختیشیکردەوە: دەمانەوێت کە بە ڕێگایەکى ئاشتیانە ئاڵوگۆڕى سیاسى دروستبێت. هیواشی خواست لە گەرمیان زۆرترین دەنگى لیستى 175 تۆمار بکرێت.