هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

هاوسه‌رۆكی هەدەپە: یه‌كگرتوو خه‌مخۆرانه‌ له‌هه‌وڵی سه‌رخستن و لێكنزیك بونه‌وه‌ی گشت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بووه‌

هاوسه‌رۆكی هەدەپە: یه‌كگرتوو خه‌مخۆرانه‌ له‌هه‌وڵی سه‌رخستن و لێكنزیك بونه‌وه‌ی گشت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بووه‌

 

ڤیدیۆ:- https://youtu.be/XzhPm37-WO8

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8-4-2018 شاندێكی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هەدەپە) سەردانى یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی کرد و له‌لایه‌ن به‌رێز مامۆستا (سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین) ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن پێشوازيان لێكرا..
شاندى هەدەپە پێکهاتوون لە به‌رێزان (په‌روین بوڵدان) هاوسه‌رۆكی هەدەپە و (به‌ردان ئۆزتورك) له‌ كه‌جه‌ده‌ و (زه‌ینه‌ب بۆگا) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی و (فه‌له‌كناس ئووجا) و (عوسمان بایده‌میر) و (ئیمام تاشچیئه‌ر) په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌.

دوای بەخێرهاتنیان لەلایەن ئەمینداری گشتی بەرێزیان پیرۆزبایی به‌ستنی كۆنگره‌یان لێكردو ئاماژەی بە هەستیاری قۆناغەكه‌ كرد، گرنگی یەك دەنگی كورد بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە و خوێندنەوەی واقیعەكە وەك خۆی و دیاری كردنی پێگەی كورد لە هاوكێشەكان تاوەكو بتوانرێت هەنگاوی راست و دروست بەهاوێژرێ، بۆ ئەوەی بتوانرێ كاری سیاسی سەربكەوێت دەبێ بزانین بۆ كوێ ده‌چین و چۆن ده‌چین و له‌به‌رچی ده‌چین و هیچ بیانویه‌ك نەدرێتە بەرامبەر تاوەكو لەدژتان بەكار نەهێندێت.

دواتر به‌رێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین ئه‌مینداری گشتی رایگه‌یاند: بارودۆخی ئەمڕۆی ناوچه‌كه‌و هەرێمی كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و وەبەتایبەتی كوردان پاش ڕیفراندۆم و پاش عەفرین، له‌م كاته‌دا زۆر گرنگه‌ هەموو هێز و لایەنەكانی هەرچوارپارچە یەكتر ببینن وە خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ بارودۆخی خۆمان بكه‌ین وبزانین چ سیاسەتێكی نوێی هاوبەش و ستراتیجیەتێكی نەتەوەیی هاوبەش پێكەوە گرێبدەین وەكو كۆنگرەی نەتەوەیی وەهەموو هێز و لایەنەكان پێداچونه‌وه‌ی خۆمان بكەین و وەدەست نیشانی گرێ و كۆسپ و ئه‌و گرفت و كێشه‌و تەحەدیایه‌ی هەیە لەنێوانماندا ، وە چ بكەین و وه‌چ باشە تاكو ئەم ناوچەیە لەم كێشە و گرفتانە رزگارببێ‌ پێویسته‌ به‌زوویی چاره‌سه‌ری بكه‌ین..

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەمووكات لەگەڵ دۆزی ڕەوای میللەتی خۆمانین لەهەر پارچەیەكی كوردستان بێت ئێمە لەگەڵ ئەوەین چارەسەری دۆزی كورد بەڕێگای گفتوگۆی ئاشتیانه‌ چارەسەربكرێ‌، ‌ وەئێمە پشتگیری هەمووخەباتێكی مەدەنی دەكەین به‌تایبه‌ت دۆزی ره‌وای كوردی.

هه‌روه‌ها ئه‌مینداری گشتی گوتیشی یه‌كگرتوو ئاماده‌بووه‌و ڕۆڵی بینیوه‌ بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی لەنێوان هێز و لایەنەكوردیەكان و لەنێوان هەرپارچەیەك و دەوڵەتێك بوبێت ، یەكگرتوو خەمخۆرانه‌ دەستی هەبووە لەهەموو ئاشتی و ئاشتەواییەكان وەڕۆلێكی گرنگ و بەرچاوی بینیوه‌.

له‌كۆتایدا به‌رێز (په‌روین بوڵدان) هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌و شاندی یاوه‌ری زۆر سوپاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی كرد كه‌ رۆڵكی گرنگیان بینێوه‌ له‌ڕابردوو ئێستادا خه‌مخۆرانه‌ له‌هه‌وڵی سه‌رخستن و لێكنزیك بونه‌وه‌ی گشت لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پارچه‌كانی كوردستان بوه‌ بۆ یه‌كهه‌ڵوێستی و هه‌ماهه‌نگی و پشتگیری دۆزی كورد له‌ناوچه‌كه‌.