هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: جێگەی نیگەرانیمانە لەهەرێم هاوڵاتی بەشێوازی جۆراوجۆر گرفتار كراوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: جێگەی نیگەرانیمانە لەهەرێم هاوڵاتی بەشێوازی جۆراوجۆر گرفتار كراوە

 

 

لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە زانایانی ئاینی لەشاری سلێمانی كەئەمڕۆ شەممە (2018/3/3) ئەنجامیدا، (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ڕایگەیاند: جێگەی نیگەرانیمانە لەهەرێم هاوڵاتی بەشێوازی جۆراوجۆر گرفتار كراوە لەسایەی حوكمڕانی دەسەڵاتی كوردیدا، دەبوایە لەئێستادا هاوڵاتی لەبری گرفتاریان بە بەڕێكردنی ژیانی ڕۆژانەیان خزمەت بكرانایەو دەرفەتیان بۆ بڕەخسایە بۆ ئەوەی خزمەت بە نەوەكانیان بكەن، بەڵام فەشەلە دارایی و سیاسیەكان لەبەڕێوەبردنی كوردستاندا كاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەجێ هێشتووە، بۆیە پێویستە زانایانی ئاینی ڕۆڵی كاریگەرو زیاتر بگێڕن لە ئارامكردنەوەی دەروونی هاوڵاتیان.

لەبەشێكی تری ووتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختی كردەوە كە زانایانی ئاینی ئاڵا هەڵگری ئاینی و ئاینداری بن لەجیهانی ئیسلامیداو ڕۆڵی ئەوان لەچاكەو چاكسازی لەهەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، چونكە ئێستا لەهەركات زیاتر ژیانی هاوڵاتی سڤیل قورستر بووە بەهۆی فەسادی دارایی و سیاسی.


لەكۆتایی ووتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا كە دین بۆ پاراستنی مرۆڤ و بەها باڵاكانی مرۆڤایەتی هاتووە، شایەنی باسە (م. موستەفا عەبدولڵا) ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو.