هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: حکومەتی بەغدا وەک پێویست بەئەرکی سەرشانی هەڵنەستاوە

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: حکومەتی بەغدا وەک پێویست بەئەرکی سەرشانی هەڵنەستاوە

 

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە 26-2-2018 مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و فەرهاد مەلا سالح کارگێری ئەنجومەنی جێبەجێکردن و عەبدوڵڵا خۆرانی ڕاوێژکاری ئەمینداری گشتی پێشوازیانکرد لە کین گرۆس سەرکونسوڵی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەیاوەری وەفدێکی کونسولخانەی ئەمریکا لەهەولێر.

لەدیدارێکدا زیاتر لەکاتژمێرێکی خایاند ئەمینداری گشتی بەگەرمی بەخێر هاتنی سەرکونسوڵی کرد و هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی بۆ خواست لەکارەکانی و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی شیکردەوەو بارو گوزەرانی ئێستای هاوڵاتیانی هەرێم بەتایبەت قەیرانی دارایی و گرفتی موچەو خراپی بژێوی خەڵکی هەراسانکردوە و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە و حکومەتی بەغدا وەک پێویست بەئەرکی سەرشانی هەڵنەستاوەو ئامادەی چارەسەرکردنی موچەو بودجەی هەرێم نیە و هیوادارین ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هاوکاری هاوڵاتیانی کوردستان و حکومەتی هەرێم بن بۆ چارەسەرکردنی ئەوگرفتە.

لەتەوەرەیەکی دیکەدا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لەمانگی ئایاردا خرایە سەر و بەپێویست زانرا کە ئەم هەڵبژاردنە بتوانێت گۆڕانکاری لەنەخشەی سیاسی هەرێم و عێڕاق و چارەسەری کێشەکان بکات و هەروەها یەکریزی نێوان لایەنە کوردستانیەکانیش بەپێویست زانرا.

لەکۆتاییدا وەفدی میوان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەودیدارە و جەختیان لەسەرپێویستی لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا کردەوەو تەئکیدیان لە پەیوەندی و پێویستی بەردەوامی ئەوجۆرە دیدارانە کردەوە.