هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

بزوتنەوەی ئیسلامی: لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا، دەنگەكانمان بۆ یەكگرتوو دەبێت

بزوتنەوەی ئیسلامی: لەهەڵبژاردنەكانی عێراقدا، دەنگەكانمان بۆ یەكگرتوو دەبێت

پێشنیوڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە 25-1-2018 مامۆستا صلاح الدین محمد بها‌ء الدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی مامۆستا عیرفان عبد العزیز ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كرد لەسلێمانی و لەمیانەی كۆبونەوەیەكدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و هەرێم و ناوچەكە كراو جەختیش لەسەر گرنگی زیاتر بە پەیوەندیەكانی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی كرایەوەو هەروەها گفتوگۆ دەربارەی مامەڵەی لایەنە سیاسیەكان لەسەر پێشهاتە نوێیەكان لەناوچەكە بەتایبەت پرسی كورد كراو هەردوولا هاوڕابون لەسەر یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی سەرجەم لایەنەكان لەپرسە چارەنوس سازەكاندا.

دواتر لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا كامیل مەحمود ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی وردەكاری زیاتری كۆبونەوەكەی خستەڕوو ڕایگەیاند: سەرەڕای بەشدارینەكردنیان لەهەڵبژاردنەكانی عێراق بەڵام دەنگەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان دەبێت.

هەروەها ڕونیشی كردەوە كە هەردوحیزب بەردەوام دەبن لەكاری هاوبەش تاوەكو دروستكردنی لیستی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان.

هەروەها د.عومەر محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا تەئكیدی كردەوەكە كۆبونەوەیەكی سەركەوت و باشیان ئەنجام داوە و ووتیشی دەتوانم بڵێم كە لەسەرجەم پرسەكاندا هەردوو حزب یەك بیركردنەوەمان هەبووە لەسەر كۆی پرسەكان لەهەرێمی كوردستاندا.