هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی: یەكگرتوو لە پرۆژەی ئاشتەوایی و ئیسڵاحی كۆمەڵگە نەوەستاوەو گەرموگوڕتریشە

ئەمینداری گشتی: یەكگرتوو لە پرۆژەی ئاشتەوایی و ئیسڵاحی كۆمەڵگە نەوەستاوەو گەرموگوڕتریشە

 

 

لەمیانەی كۆبوونەوەی كە ئەمرۆ یەكشەممە لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتی و راوێژكارو بەرپرس و ئەندامانی دامەزراوەو دەزگاو ناوەندو بەرپرس و كارگێرانی مەڵبەندەكانی دوو و دوازدەو چواردەی سنووری شاری هەولێر ئەنجامیدا، (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند : ئێمە پابەندین بەم مەنهەجەی كە تێكۆشانە لە پێناوی خوداو خزمەتكردنی خاك و خەڵكەكەمان.

لەسەرەتادا ئەمینداری گشتی تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكەو پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان، ئاماژەی بە نزیك بوونەوەی هەرێم و بەغدا كردوو و داوای كرد كە هەرچی زووە حكومەتی هەرێم و ناوەند رێكبكەون بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان و ناردنی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان، راشیگەیاند: سندوقەكانی دەنگدان رێگەچارەیەكی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆری دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی و خزمەتكردن بە دەزگاو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئەمینداری گشتی تەئكیدی كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك لە بڕیاری كۆنگرەی حەوتەمی داهاتووە بەهاوسەنگی لە سیاسەت و هەڵوێستەكانی بەردەوام دەبێ و كاردەكات بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی ئیسلامییەكان.

لە كۆتاییدا ئەمینداری گشتی ئاماژەیدا بە نزیكبوونەوەی (24) ساڵەی ساڵرۆژی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و رایگەیاند: لەرووی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و خزمەتكرنی خاك و نیشتمان ئێستا سەرەتای كارمانەو زیاتریش گەرمگوڕترین لەسەر خزمەتكردن بەم كاروانەو پرۆژەی ئیسڵاح و پاراستنی نێوماڵی كوردستانیان.