هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

 

مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕونكردنەوەیەكی لەسەر (بتكۆین) و (وەنكۆین) بڵاوكردەوە كەتێیدا ئاماژەی بەوەكردووە: كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور دەگرێ لە شتێك وا گوماناوی و لەبارەی پەیوەندی بە یەكگرتووەوە راشكاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی دەكەن.


دەقی رونكردنەوەیەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان :

 

ماوەیەكە گفتوگۆ لەسەر بابەتی (بتكۆین) و (وەنكۆین) دەكرێت، كە گوایە كاسپییەكە لەناو یەكگرتووەكاندا رەواجی پێ دەدرێت و یەكگرتووی لە پشتەوەیه، بۆ بەرچاو روونی و ئاگاداری هەموو لایەك دەڵێین:

1- لایەنی فیقهی و یاساییەكەی بەجێ دەهێڵم بۆ زانایانی شارەزا، كە فتوای ئاشكرایان لەسەر داوەو، بە كارێكی ناروون و شوبهەو بێ رەسید و بێ زەمانەت ئەیناسێنن و، كەسی موسڵمانی پابەند بە رزقی حەڵاڵ خۆی بەدوور ئەگرێ لە شتی وا گوماناوی..

2- لەبارەی پەیوەندی بە یەكگرتووە راشكاوانە رایدەگەیەنین، بەهیچ جۆرێك دوور و نزیك ئەم بازرگانییە وەهمی و ناڕوونە، پەیوەندی بە حیزبەوە نییەو، ئێمەش لە زاری خەڵكەوە بیستوومانە كە كەسانێك توش بوون و مومارەسەی ئەكەن و، بازاڕی بۆ گەرم ئەكەن، ئەوە كارێكی شەخسییەو خۆیان وەك شەخس بەرپرسن لە ئەنجام و بەرهەمی كارەكەیان.. ئێمەش تەوسییە ئەكەین كە ئەندامانی یەكگرتوو خۆیان بەم كاسبییە وەهمییەوە خەریك نەكەن و، پارەی حەڵاڵی خۆیان با كەمیش بێ، لەو زۆرە خەیاڵییە باشترە..

3- هەر لەو بارەیەوە جەخت لەوە دەكەینەوە كە مەرجەعی شەرعی ئەم جۆرە بابەتانە تەنیا زانایانی شەرعییە، نەك ئەو كەسانەی كە خۆیان تووش بوون و، بە كەمێك شارەزایی و رۆشنبیریی ئاینییەوە دەیانەوێ ئەم كارە گوماناوییە بشەرعێنن و، قسەی ئەهلی عیلم و فتواو پسپۆڕی پشتگوی بخەن..

 

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
2/1/2018