فڕاکسیۆنە پەرلەمانیەکان

غەریب پێنجوێنی: ئێران ڕەتی كردەوە گفتوگۆ لەسەر ئاوی ڕوباری سیروان بكات

غەریب پێنجوێنی: ئێران ڕەتی كردەوە گفتوگۆ لەسەر ئاوی ڕوباری سیروان بكات

 


جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: وەزیری بارزگانی عێراق پێی ڕاگەیاندوین لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عێراق لە17% پارەی گەنمی جوتیارانمان ڕەوانە كردووە و ئێرانیش ڕەتی كردوەتەوە گفتوگۆ لەسەر ئاوی ڕوباری سیروان بكات.

 

مامۆستا غەریب پێنجوێنی جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: لەدوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردودا سەردانی بەغدامان كرد بەمەبەستی بەدواداچون بۆ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم و كێشەی ئاوی ڕوباری سیروان، وەزیری بازرگانی عێراق پێی ڕاگەیاندین لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەنوسراوی فەرمی، بڕی لە17% پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێممان ناردووە.

 

هەروەها وتیشی: سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی‌ بڕە پارەی‌ گەنمی جوتیارانی هەرێم بۆ سەرو 17% زیاد بكات، بە هاوشێوەی‌ جوتیارانی عێراق لە پارێزگاكان، مامەڵە لەگەڵ مافی جوتیارانی هەرێمیشدا بكرێت.

 

سەبارەت بەئاوی ڕوباری سیروان، مامۆستا غەریب پێنجوێنی ووتی: وەزارەتی بازرگانی عێراق بەنوسراوی فەرمی داوایان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كردووە كێشەی ئاوی ڕوباری سیروان چارەسەر بكەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی ڕاگەیاندوین بەهیچ جۆرێك گفتوگۆ لەسەر ئاوی ڕوباری سیراوان ناكەین، ئاوی ڕوباری ئێرانە، ئێران خۆی چۆنی بوێت بەو جۆرە مامەڵەی پێوە دەكات، ئامادە نین دانیشتین لەسەر ئەو پرسە بكەین تەنها بەمەرجی ڕێككەوتنی 1975 نەبێت كەلەنێوان سەدام و شای ئێران واژۆكراوە و ئەو ڕێككەوتنامەیە لەكاتی جەنگی ئێران و عێراقدا لە لایەن سەدام حسێنەوە لەناو براوە.

 

جێگای ئاماژەبۆكردنە بڕی 904 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلای حكومەتی ناوەندە، هەروەها ئاوی ڕوباری سیروان كەپار ساڵ ئەمكاتانە بڕی 160 مەتر سێ جا لە چركەیەكدا ئاوی تێدابوو بەڵام ئێستا تەنها بڕی نۆ مەتر سێجا ئاو لەڕوبارەدایە كە ئەویش تەنها ئاوی ناوخۆیە.