هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبارەی دواكەوتنی موچەوە راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

فراكسیۆنی یەكگرتوو لەبارەی دواكەوتنی موچەوە راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

 

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دواكەوتنی موچەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە رایگەیاند حكومەت هەرجارەو بە بیانوویەك موچەی فەرمانبەران دوادەخات، ئەمەش وایكردووە موچەخۆران هیچكات هەست بە دڵنیایی نەكەن لەو مافەی خۆیان كە پێویستە لەكاتی خۆیدا پێیان بدرێت.


دەقی راگەیەنراوەكە:


لە كاتێكدا ئێستا لەناوەڕاستی مانگی 3 ی 2020 ین، كەچی حكومەتی هەرێم هەر لەساڵی 2019 یەو لە ڕووی دابەشكردنی موچەوە ساڵی نوێی نەبینیوەو موچەی مانگی 12 دابەشدەكات، بەو حاڵەشەوە هەرجارەو بە بیانوویەك موچەی فەرمانبەران دوادەخات، ئەمەش وایكردووە موچەخۆران هیچكات هەست بە دڵنیایی نەكەن لەو مافەی خۆیان كە پێویستە لەكاتی خۆیدا پێیان بدرێت.
لەئێستاشدا جارێكی تر ئەم دواخستنەی هێناوەتە ئاراوەو خەڵكی وێڕای ترسی لەم ڤایرۆسەی كۆڕۆنا، ترسی موچەكەشی بۆ زیاد بووە، حكومەت نەتوانێت ھەماھەنگی بكات لە نێوان وەزارەتی دارایی و تەندرووستی و چەند لایەنێكی ترداو نەتوانێت زامنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرەكانی بكات و لە ماوەیەكی دیاریكراودا دابەشی بكات، مایەی شكستێكی گەورەیەو نابێت چیتر درێژە بەم حاڵە بدرێت بەتایبەت لەسەردەمی ناشەفافیەت و نادیاری داھاتی راستەقینەی ھەرێم دا.

ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان وێڕای بەدوداچوونمان بۆ ئەم بابەتە، جەخت و فشار بۆ ئەوە دەكەین كە تەواوی رێنماییە تەندروستیەكان پەیرەوبكرێن بەڵام زامنی مووچەش بكرێت لە كاتی خۆیداوسیستەمی بانكی بۆ فەرمانبەران بە زووترین كات دروست بكرێت بۆ ئەوەی هەرجارەو بەبیانوویەك دەستی بە دەستی بە موچەخۆران نەكرێت.

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان