هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە


ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی 16/3 ساڵ یادی كیمابارانكردنی شاری هەڵەبجە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بسم ألله الرحمن الرحیم
خەڵكی ئازار چەشتووی كوردستان..
هاوشاریانی هەڵەبجەی ئازیز..
٣٣ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژێكی بەهاریدا كە سروشتی رازاوەی كوردستان بە نێرگز و گوڵان دەخەمڵێ ، رژێمی بەعس هەزاران رۆڵەی جوان و پیری هەڵەبجەی ، بە گازی كیمیاوی شەهید و بریندار كرد و شارێكی ئاوا دێرین و ئاوەدان بە عیلم و عیرفان ، لە یەك رۆژدا كردی بە وێرانەی بێ ژیان ، هاوشاریانیشی پەڕاگەندەی شاران و وڵاتان كرد.
دوای ٣٣ ساڵ لەو كارەساتە ، خوێنی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید ، دەیخواست لە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمەوە ، ستراتیژییەتی ژیاندنەوەی هەڵەبجە بڕگەیەكی سەرەكی بەرنامەی كاربوایە و بكرایەتە نمونەی ئاوەدانی كوردستان، كە ساڵانە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی تیا ئەنجام بدرێت، ژینگەی لەبار و خاكی بەپیت و، توانای مرۆیی هەڵەبجە، بەسن بۆ داڕشتنی پلانێكی درێژخایەنی بونیاتنانەوە.
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەم یادەدا داوا دەكات:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی ساڵانە بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بكات و وەك پارێزگایەكی تازەی هەرێم تواناكانی حوكمڕانی بۆ زیاتر قەرەبووكردنەوەی بخاتە گەڕ.
2- ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوبەرە گشتییەكانی دەستبەكاربن .
3- پەرلەمانی كوردستان یاسای تایبەت بە منداڵە ونبووەكان تەشریع بكات.
4- حكومەتی فیدراڵی وەك بەرپرسیارێتی نیشتیمانی دەوڵەتی نوێی عێراقی، رێكارە فەرمییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
5- حكومەتی فیدراڵ قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیان لێكەوتوان لە ئەستۆ بگرێت.
6- مافی یاسایی زیندانیانی سیاسی هەڵەبجەییەكان، هاوشێوەی رەفەح لە خوارووی عێراق بێتە جێبەجێكردن.
7- حكومەتی فیدراڵ بەشداری بكات لە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری تەواوی پارێزگاكە.
دروود و سڵاو بۆ گیانی گوڵ وەریوی كووچە و كۆڵانەكانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی كوردستان.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
16/3/2021