هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

م. سەڵاحەددین : ریفراندۆم لای یەكگرتوو شتێكی نوێ نیە

م. سەڵاحەددین : ریفراندۆم لای یەكگرتوو شتێكی نوێ نیە

 

 

ئەمڕۆ ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتی و بەرپرسی دەزگاكان و مەڵبەندەكان و راوێژكارانی دەڤەری سلێمانی كۆبوویەوە.

(م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتوو باسی بارودۆخی كوردستان بە گشتی و بارودۆخی ئابوری و سیاسی بە تایبەتی كردو تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی یەكگرتوو لەو بواراندا بە تایبەت چارەسەری بژێوی خەڵك و كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەیشتن بە كۆدەنگی نیشتمانی و زەمینە سازی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان بێت بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی كوردستان و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەروەها بەردەوام لە پێناو بەرژوەندییە گشتییەكانی خەڵك و خاكی كوردستان كارمانكردووەو هەمیشە هاریكارێكی سەر راست و دڵسۆزی لایەنەكان بووین و پاشكۆو پارسەنگی هیچ كەس و لایەنێك نەبووین و نابین.

بەرێزیان ئاماژەی بەوەدا ریفراندۆم لای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان شتێكی نوێ نیەو ئێمە لە كۆنگرە یەك لە دوایەكەكانمان جەختمان لەسەر مافی چارەی خۆنووسین و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ كردۆتەوەو بە یەكێك لە ستراتیژە سەرەكییەكانی یەكگرتوومان داناوە.

هەروەها ئەمینداری گشتی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە یەكگرتوو لەسەرجەم قۆناغەكاندا خاوەنی پلان و ئەجێندای خۆیەتی.

لە كۆتایی وتەكانیدا بەشداربووان چەندین پێشنیارو راسپاردەو پرسیاریان ئاراستەی جەنابی ئەمینداری گشتی كردو ئەوەیش وەڵامی دانەوە.

 

ئـ . كـ