هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

راگەیەنراوی کۆبونەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان

راگەیەنراوی کۆبونەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ، 12/7/2017 شاندێکی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکە تەئکید لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کرایەوە:

1. بەهێز کردنی زیاتری پەیوەندی نێوان هەردولا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو هەماهەنگی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.

2. باشکردنی بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان لەڕێی کۆتایی هێنان بە سیستمی پاشەکەوتی موچە.

3. ریفراندۆم وەک هەنگاوێک بۆ سەربەخۆیی بە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانەوە مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە کۆدەنگی سیاسی و بنەمای یاساییە لەڕێی ئاساییکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان.

4. هیچ لایەک نابێ پرسی ریفراندۆم وەک دەستکەوت یان موزایەدەی سیاسی بۆ خۆی بەکاربێنێ لەڕێی فەرزکردنی ئیرادەی تاکلایەنەوە.

5. ریفراندۆم بکرێتە هۆکار بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو یەکڕیزی نیشتیمانی و گفتوگۆی نێوان هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری سەرجەم کێشە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێم، بە کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمەوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان

12_7_2017