هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

م. سەڵاحەددین پرسە نامەیەك ئاڕاستەی هەنیە دەكات

م. سەڵاحەددین پرسە نامەیەك ئاڕاستەی هەنیە دەكات

 

 

 

(م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پرسەنامەیەك ئاڕاستەی (ئیسماعیل هەنیە) سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس دەكات، لەبارەی شەهید بوونی ژمارەیەك لە خانەوادەكەی لە بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلی داگیركەر لە رۆژئاوای كەرتی غەززەدا.

(م. سەڵاحەددین) لە پرسەنامەكەیدا كە ئاڕاستەی (ئیسماعیل هەنیە) ی كردووە رایگەیاند، بە شەهید بوونی كوڕەكانت و خۆراگری خەڵكی غەززە وەرچەرخانێكی مێژوویی لە دۆزی ڕەوای فەڵەستین و سەرخستنی حەق دێتە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئێمە هاوبەشی خەمتانین، ئەو قوربانیدانەو كاروانی شەهیدان لە غەززەو فەڵەستین رێچكە دەگرێت بۆ سەركەوتنی مەزن بەویستی خوا.
(م. سەڵاحەددین) دەشڵێت، ئەوەی ڕوودەدات تاقیكردنەوەیەكی مەزنە بۆ جیاكردنەوەی ڕۆڵەكانی ئوممەت و تۆماركردنی سەركەوتن لەسەردەستی ئێوە بەسەر دوژمناندا.
هەر لەو پەیامەیدا ئەمینداری گشتی بۆ (ئیسماعیل هەنیە) ووتی، لە خوای گەورە داواكارین شەهیدەكانتان وەربگرێت و بیانخاتە ژێر سایەی سۆزو میهرەبانی خۆیی و بیانخاتە فیردەوسی باڵاوەو ئارامی و خۆڕاگری زیاترو مكوڕبون لەسەر بەردەوامییدان پێ ببەخشێت، سەركەوتن بكاتە بەشی فەڵەستین و دۆزە ڕەوایەكەی.
رۆژی چوارشەممە، لەئەنجامی بۆردومانی سوپای ئیسرائیلی داگیركەر كە ئۆتۆمبێلێكی لە رۆژئاوای غەززە كردە ئامانج، سێ لە كوڕەكانی (ئیسماعیل هەنیە) بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بە ناوەكانی (حازم و ئەمیر و محەمەد) و سێ لە كوڕەزاكانی شەهید بوون.