هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لەلێدانەوە نزیکە

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لەلێدانەوە نزیکە

مامۆستا سەلاحەددین محەمەد بەهائەددین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەبۆنەی ساڵوەگەڕی كۆڕەوی گەلی كوردستانەوە لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردوەتەوە ئاماژەی بەوەكردوە، جەماوەری سەربەرزی كوردستان ساڵیادی كۆڕەوە ملیۆنیەكەی گەلەكەمانە، رووداوێكی خۆڕسكی بایەخدار،كە بوو بەخاڵی وەرچەرخان لە مێژوی خەباتی گەلەكەماندا، هەموو جیهان ئاگاداربووەوە لە حاڵی ئەم خەڵكە بێكەس وبێدەسە، گەلان وخێرخوازان و هەستی مرۆڤدۆستی جیهان خرۆشاو فشار كەوتە سەر زلهێزان و وڵاتانی ئیقلیمی، هێڵی دژە فڕین و ئیدارەی خۆجێیی و پاشان هەڵبژارنی 1992 لە سەرمەبنای سیستەمی فیدرالی ئەنجامدرا و دەزگای شەرعی پەرلەمان و حكومەت دامەزرێنرا.

‎ئەمینداری گشتی یەكگرتوو باسی لەوەشكرد، بەڵام داخەكەم شەڕی كۆنە قین وبراكوژی و عەقڵیەتی نادادی وخۆسەپێن، نەیهێشت ئەو دەسكەوتانە پەرەبسەنن و دەستی بێگانەی كێشایە وڵاتەكەو نەیهێشت مۆتەكەی شەڕی ناوخۆ لەسەر سەری ئەم گەلە ستەمدیدەیە لابچێت، بەردەوام هەرچەند ساڵ جارێك بەشێوازی جیاواز شەڕەنەگریسەكە سەرهەڵئەداتەوە.

‎لە پەیامەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوودا هاتووە، ‏ئیستەش دوای سی وسێ ساڵ، وا هەموو دامەزراوە شەرعیەكان لە مەترسی هەڵوەشاندنەوەدان، بژێوی و گوزەرانی خەڵك لەوپەڕی خراپیدایە، موچەی موچەخۆران لە نێوان مەرامە سیاسیەكاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەیی و هەرێمی لەلێدانەوە نزیكە، بێمتمانەیی و ناتەبایی زاڵ بووە بەسەر پەیوەندی حزبەكان و بازاڕیان و هاوڵاتیاندا بەگشتی، كێشە كۆمەڵایەتیەكان لەپەرەسەندندایە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەوەشی خستوەتەڕوو، دەسەڵاتی كاربەڕێكەریش بێمنەتانە چاوی بڕیوەتە خواستە حزبی و شەخسیەكانی خۆیان و حسابێك بۆ ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ناكات، ئیستحقاقی هەڵبژاردن كەوتوەتە مەترسی ڕێگریەوە، سەرباری ئەوەش خەریكی تۆمەت بەخشینەوەو بازنەی ناحەزفراوانكردنن، ئازان لە تۆراندنی دۆست و زۆركردنی ناحەزدا ، كاران لە قوفڵكردنی چارەسەر و قەیران زۆركردندا، زۆر بەداخەوە بۆ ئەم بارودۆخە نەخوازراوە.

مامۆستا سەلاحەددین محەمەد بەهائەددین لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت: بەڵام گەلێك خاوەنی ڕاپەڕین وكۆڕەو بێت، خاوەنی ئەم هەموو سەروەتە مرۆیی و سروشتی و مێژووە شكۆدارەبێت بێ هیوا نابێت، ئەتوانێ ئەم قۆناغەش بەڕێ بكات، هەرچەند كۆسپ لەرێی گۆڕانكاری وچاكسازیدا درووست بكرێ، ئایندە هەر بۆ گەلەكەمانە، پشت و پەنامان ئەو خوایەیە كە لە نائومێدی هیوا ئەخولقێنێ، داواكارم نوێژو ڕۆژووی هەموو لایەك قبوڵ بكات و عیبادەتەكانی شەوانی قەدرمان گیرابكات.