هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایە

لە میانەی بەشداریكردنی كۆنفرانسی گشتی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەكگرتوو كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 23/9/2023 كە لەشاری سلێمانی و لەژێر دروشمی "سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەكگرتوو بەخمخۆریان بۆ پەروەردەو هاوكاریان بۆ ناوەندەكانی خوێندن و خزمەتكردن بەمامۆستایان، دەناسرێنەوە"، مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند: حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایە و ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكومەت جگە لەشكستهێنانی لەپرسی دیبلۆماسی و گفتوگۆكاندا لەبواری پەروەردەشدا گەورەترین شكستی هێناوە كە بەداخەوە هەستی پێناكەن، پێشكەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەك بەندە بە پەروەردەو فێركردن و كە لەهەرێم فەرامۆش كراوە.

لەبەشێكی تری وتەكانیدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەدا: نەوەكانمان لەهەركات زیاتر پێویستیان بە پەروەردەو فێركردنە لە قۆناغی باخچە تاوەكو زانكۆو جێگەی نیگەرانیمانە كە دەسەڵات زۆر بێباكە بە ماف و ئیمتیازی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی.

لەكۆتایی وتەكانیدا، ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو دەستخۆشی لەدەزگای پیشەییەكان كرد بۆ سازدانی ئەم كۆنفرانسەو ڕونیشی كردەوە سەرپەرشتیاریی پرۆسەیەكی مرۆڤ دۆستیەو كارێكی گرنگ و بەنرخە و پێویستیشە سەرپەرشتیاران ڕەچاوی بارودۆخی مامۆستایان بكەن لە هەمو بوارەكاندا.