هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن كەسانی ناشایستە دەباتە پێشەوە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن كەسانی ناشایستە دەباتە پێشەوە
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، لە كۆبونەوەی لەگەڵ مەڵبەندی سلێمانی رایگەیاند: دڵنیاین ئەو كاندیدانەی ئێمە پشتیوانیان دەكەین، خاوەن مێژوو و ڕابردوویەكی پاكن و شایستە نوێنەرایەتی خەڵكن.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4-10-2021، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە میانەی بەشدارییكردنی لە كۆبونەوەی مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو و لیژنەی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند: سەرباری تێبینیەكانمان لەسەر پرۆسەكانی هەڵبژاردن لە ڕابردوودا، بەڵام هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لەسەنتەری بڕیارو یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا.

لەبەشێكی تری ووتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەكرد: دەخوازین ڕێكخستنەكانمان و هاوڵاتیان بەگەرموگوڕییەوە بەشداری پرۆسەكە بكەن و نابێت بەناوی ناڕەزایی و بێزاریتان لە ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵات، بایكۆت بكەن و نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە لە مافێكی یاسایی خۆتان مەحروم ئەكەن و لەئەركێكی شەرعی خۆتان دوا ئەكەون و فرسەت بەكەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات.

لەكۆتای دیدارەكەدا مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین جەختیكردەوە: دڵنیاین ئەو كاندیدانەی ئێمە پشتیوانیان دەكەین لای خەڵك خۆشەویست و ڕێزلێگیراون و خاوەن مێژوو و ڕابردوویەكی پاكن و شایستە نوێنەرایەتی خەڵكن.