هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو: نەوەكانمان لە ئەوروپا زیاتر پێویستیان بەپەروەردەی ئیسلامیانە هەیە

ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو: نەوەكانمان لە ئەوروپا زیاتر پێویستیان بەپەروەردەی ئیسلامیانە هەیە
لەكۆنفرانسی مەڵبەندی ئەوروپای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: نەوەكانمان لەئەوروپا پێویستی زیاتریان بەپەروەردەی تەندروست و ئیسلامیانە هەیە.

لەمیانەی بەشداریكردنی لەكۆنفرانسی مەڵبەندی ئەوروپای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11-9-2021 لە وڵاتی سوید لەڕێگەی سكایپەوە بەڕێووە چوو، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند: كادران و ئەندامانی یەكگرتوو لە ڕۆژئاواو ئەوروپا كەسانی دامەزراو میانڕەون و بەكردەوە جوانەكانیان نوێنەرانی ئاین و نەتەوەو كەسیان دەكەن و دوورن لە كەسانی لادەر و بێ بەرنامەو هەمیشە لەگەڵ بەدەستهێنانی ژیانێكی شایستەی مەدەنی دیندارانەن.

هەروەها ئەمنیداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە: كادرانی ئێمە لەگەڵ ئاشنابوونیان بە دابونەریتی ئەوروپا وێڕای پاراستنی بەها باڵاكان و ڕەوشتە بەرزەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە هەمان كاتیشدا پاراستنی كلتوری كوردەواری ئەركی سەرەكیانە.

لەكۆتایی ووتەكانیدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی سازدانی پێكهێنانی مەڵبەندی 18ی ئەوروپای لە كادرو ئەندامان و لایەنگرانی لە ئەوروپاكردو خوازیاری ئەوەبوو كە پێكهێنانی ئەو مەڵبەندە ببێتە وێستگەیەكی گرنگ بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ئەوروپا بەگشتی و كادرو ئەندامانی یەكگرتوو بەتایبەت.