هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی جەژن لەموسڵمانان دەكات و پەیامێكیش ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم دەكات

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پیرۆزبایی جەژن لەموسڵمانان دەكات و پەیامێكیش ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم دەكات

مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی جەژنی پیرۆزی قوربان لە جەماوەری ئیمانداری كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیهان دەكات و ڕاشیدەگەیەنێت: لەم دەرفەتە پیرۆزەدا دەخوازین هەمولایەكمان بەخۆدا بچینەوەو قوربانی بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بدەین لەپێناو گەل و وڵاتماندا، بەتایبەت هێزەكانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ستەم و پێشێلكردنی مافەكان و برسیكردن و ناعەدالەتی بهێنن.

دەقی پەیامەكەی ئەمینداری گشتی:
 

 

هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان لە جەماوەری ئیمانداری كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی جیهان پیرۆز ئەكەین... داواكارین لەخودای میهرەبان ئەم بۆنەیە بكاتە مایەی گێڕانەوەی تەبایی و ئاشتەوایی جیهانی و ئاسودەیی گەلی ئێمەو گشت گەلانی جیهان..
جەژنی قوربان قوتابخانەی فیداكاری و قوربانیدانە بۆ ڕەزامەندی خوداو خزمەتی بەندەكانی خودا.. ئەزموونی كرداریە بۆ یەكتر بون و برایەتی و هاوكاری و دەستگرتنی هەژاران..
وانەی بڵند ڕاگرتنی كەرامەتی مرۆڤ و پەروەردەكردنی و ڕاهێنانیەتی بۆ سەركردایەتی عادلانەو لەگۆڕنانی خۆپەرستی و ئەنانیەت..
جێگای داخە كە لەم ڕۆژە پیرۆزانەدا ئاڵۆزی سیاسی و ناكۆكی ناوخۆیی و سەختی بژێوی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و نا سەقامگیری ئەمنی تاڕادەیەك باڵی كێشاوە بەسەر وڵاتماندا..
لەم وەرزی فەریزەی حەج و مەراسیمی عەرەفەو قوربانەدا، هاوڵاتیان لەجیاتی خۆشی و شادی جەژن هەست بە نائارامی و دڵەڕاوكێ دەكەن و نیگەرانی ئایندەی خۆیان و ماڵ و مناڵیانن..
بۆیە لەم دەرفەتە قودسی و پیرۆزەدا دەخوازین هەمولایەكمان بەخۆدا بچینەوەو قوربانی بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بدەین لەپێناو گەل و وڵاتماندا، بەتایبەت هێزەكانی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە ستەم و پێشێلكردنی مافەكان و برسیكردن و ناعەدالەتی بهێنن و لەگەڵ خوداو لەگەڵ خەڵكدا ئاشت ببنەوەو ئازادیەكان بپارێزن و موچەو بژێوی هاوڵاتیان دابین بكەن و واز لە ململانێی ناڕەوای دەسەڵاتداری بهێنن و بڕیاری خزمەتكردنی میللەت بدەن..
جارێكی تر جەژنی قوربان
لە گشت موسڵمانان و سەرجەم
مرۆڤایەتی پیرۆز بێ..