هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: حكومەتی هەرێم قەیران بە قەیران چارەسەر دەكات

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: حكومەتی هەرێم قەیران بە قەیران چارەسەر دەكات
 
 
ئەمڕۆ یەك شەممە 11/7/2021، مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ مەڵبەندی شەشی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبویەوەو ڕایگەیاند: هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرگەی ئەم هەموو قەیرانانە ناگرن و دەسەڵاتدارانی هەرێم قەیران بە قەیران چارەسەر دەكەن و دەبێت بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەركی ئەم ئاڵۆزیانە بكەن و چیتر گەلی خۆیان فەرامۆش نەكەن و لەبەردەم مووچەو بژێوی هاوڵاتیاندا بێ باكانە مامەڵە نەكەن.
هەر لەو دیدارەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: جێگەی دڵخۆشی و شانازییە كە یەكگرتووەكان خەریكی كارێكی گەورەن، كاری یەكگرتوو كارو پەیامی پێغەمبەرانە (درودی خۆیان لەسەر بێت) كە چاكسازی و مرۆڤسازی و پەیامداریەو كاركردن لەناو كاروانی یەكگرتوو ئارامی زۆری پێویستە چونكە كارێكی قورس و فرە ڕەهەندە و باسی ئیمان و ئەخلاق و خزمەت و باسی ڕاستكردنەوەیەو ڕاستكردنەوەی هەڵەكان باجدانی دەوێت.
مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین داواشی لە ئەندامان و ڕێكخستنەكانی مەڵبەندی شەشی كەركوكی یەكگرتووی ئیسلامی كرد كە هەوڵەكانیان بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی شارەكە بخەنەگەڕو جەختیكردەوە: كەركوك شارێكی بێنازەو حزبە دەسەڵاتدارەكان نەیانتوانی ئیدارەیەكی باشی بكەن و ئەوەی لەئێستا و ماوەكانی ڕابردوودا دەگوزەرێت و گوزەرا ئەنجامی ئیدارەی فاشلی حوكمڕانیەو كەركوك و كەركوكیەكان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە شایستەی خزمەتی زیاترن و دەبێ كەركوك شاری بەیەكەوەژیان و تەبایی و برایەتی بێت.