هەواڵ و چالاکی ئەمیندار

یەكگرتوو و بزوتنەوە : هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامیەكان بەردەوامەو لەپێشڕەویدایە

یەكگرتوو و بزوتنەوە : هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامیەكان بەردەوامەو لەپێشڕەویدایە

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (م. سەڵاحەددین موحەمەد بەهائەددین) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەئامادەبوونی (فەرهاد مەلا ساڵح) كارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێكردن و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی لە نووسینگەی خۆی لە هەولێر پێشوازی كرد لە (شێخ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و شاندێكی یاوەری.

لە كۆبوونەوەیەكی برایانەدا كە كاتژمێرێك و نیوی خایاند، باسی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێكراو پەیوەندی دوو قۆڵی و برایانەی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەسەركراو هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی سەرخستنی پڕۆژەی یەكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامی كوردستان و برەودان بەو پڕۆژەیە كە خەون و خولیای سەرجەم ئیسلامخوازانی كوردستانەو زەرورەتی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمەو جەختیان كردەوە لەسەر بەردەوام بوون بۆ بەئامانج گەیاندنی جگە لە فەرمانی خوایی كە برایەتی ئیسلامی كۆیاندەكاتەوە پێویستە سەرجەم ئیسلامخوازان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی گشتگیرو بەردەوام و هاوپەیمانیەكی مەحكەم و تۆكمە رێكبخرێن و حاڵەتی ئیسلامی بەدووربگرن لەلێكترازان و خلیسكان و ئەملاو ئەولاكردن بۆ ئەم مەبەستە بریاریاندا هەموو هەنگاوێك دەگرنەبەرو پاشەكشێ ناكەن و خۆشبەختانە بە هەوڵی دڵسۆزان و پشتیوانی كەسایەتیە ئیسلامیەكانی كوردستان هەنگاوی باش نراوە بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پشتگیری لیستی یەكگرتوو لەم قۆناغەدا.
هەروەك تەئكیدیان كردەوە لەسەر ئیسلامیەكان بەردەوامبوون لەژێر یەك چەتردا بۆ كاری هاوبەشی گشت بوارەكانی دەعوەو پەروەردەو كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و تەواوی بوارەكانی دیكە بەیەك هەنگاوی و یەكریزی.
سەبارەت بەداهاتووش بریاردرا كۆبوونەوەی هاوبەشی بكرێ بۆ ڕەنگڕێژی قۆناغی ئاییندەش بەدانانی بەرنامەو میكانیزمی گونجاوی هاوبەش بۆ سەرجەم حاڵەتە ئیسلامیەكەی كوردستان.
لەتەوەرەیەكی دیكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەركردنی گرفتی نێوان هەرێم و بەغدا بەحیوار لەچوارچێوەی دەستورو دابینكردنی بژێویی و قوتی مووچەخۆران و دابینكردنی دادپەروەری و شەفافیەت و حوكمی رەشیدو دوور لەگەندەڵی و جیاكاری و قۆرخكاری.

 

ئـ . كـ