
مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین كە نوسەرو چاودێری سیاسیە لەسەر ئاشكراكردنی داهات و خەرجیەكانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ئەوەدەخاتەڕوو: كەمكردنەوەی خەرجیو زیادكردنی داهاتو شەفافكردنو خستەڕووی داهاتو خەرجیەكانی ئەو وەزارەتە بۆ ڕای گشتیو ناوەندەكانی میدیاو هاوڵاتیان پرۆسەیەكی سەردەمیانەو هاوتەریبە لەگەڵ پەیڕەوكردنی بنەماكانی حكومڕانی باش و سەلمێنەری ئەو ڕاستەیە كە هێزێكی سیاسی وەك یەكگرتوو جێ پەنجەیان دیاربووە لە پرۆسەی چاكسازیو باشتركردنی دۆخی سیاسیو دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕبردوو ئێستاشدا .
مامۆستای زانكۆو نوسەرو چاودێری سیاسی سەروەر حەمەئەحمەد لە لێدوانێكیدا بۆ كوردیو وتی:"بێگومان هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی نەخوازراوی ئاڵۆزی سیاسیو قەیرانێكی دارایی تاقەت پڕوكێندا تێدەپەڕێت، وە پێمان وایە پێشهاتو ناكۆكیە سیاسیەكانی نێوان لایەنەكان قەیرانە دارایەكانی قوڵتركردۆتەوە، بەجۆرێك لێكەوتەی خراپی دۆخەكە ڕۆژ بەڕۆژ زیاترو زۆرتر دەردەكەوێت، بۆیە زۆر گرنگە تەواوی هێزو پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەم قۆناغە نەخوازراوەی ئالۆزی سیاسی تێپەڕێننو قۆناغی ڕێكەوتنو ئاشتەواییو ئاسایكردنەوە دەستپێبكرێت. چونكە بێگونان لەم قەیرانە داراییە تاقەت پڕوكێنو دۆخە سیاسیە ئێجگار ئاڵۆزەی هەرێمی كوردستان، ململانێی ناتەندروستو شەڕی ئیعلامیو بەیاننامەی توندو زمانی زبری لایەنەكان بەكەڵكی دۆخەكەو ژیانی هاونیشتیمانی ماندوو نایەت، ئەوەندەی كە لێك تێگەیشتنو دیالۆگو خۆ خستنە ژێر باری لێپرسراوێتی نیشتیمانی خزمەتێك بە ڕەوشەكە دكات".
هەرچی لەبارەی چاكسازیو ئاشكراكردنی داهاتو كەمكردنەوەی خەرجی لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنە ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێی وایە: "هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی چاكسازی لەو وەزارەتەو تەواوی وەزارەتەكانی دیكە بە ئاراستەی باشتركردنی دۆخی دارایی، هەنگاوی گرنگو جێگای دەستخۆشیە، وە كەمكردنەوەی خەرجیو زیادكردنی داهاتو شەفافكردنو خستەڕووی داهاتو خەرجیەكانی وەزارەتی ناوبراو بۆ ڕای گشتیو ناوەندەكانی میدیاو هاوڵاتیان پرۆسەیەكی سەردەمیانەو هاوتەریبە لەگەڵ پەیڕەوكردنی بنەماكانی حكومڕانی باش، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنەری ئەو ڕاستەیە كە هێزێكی سیاسی وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جێ پەنجەیان دیاربووە لە پرۆسەی چاكسازیو باشتركردنی دۆخی سیاسیو دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕبردوو ئێستاشدا، وە هەمیشە كەسانی دەم پاكو دەس پاكی پێشكەش بە كۆمەڵگا كردووە".
جێی باسە لە چەند رۆژی رابردوو لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ئەوەهاتبوو: وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە بڕیاری مولود مراد، وەزیری ئەو وەزارەتە بەردەوامە لەبڵاوكردنەوەی داهات و خەرجیەكانی وەزارەتەكەی لەپێناو شەفافیەت و خستنەرووی تەواوی داتاو ئاماری و زانیاریەكان بۆ رای گشتی و هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان و لەماوەی یەك ساڵیشدا لەكۆی داهات و خەرجیەكانیدا 24 ملیار دەگەرێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی .
ئامادەكردنی: محمد عمر كانی