بەیاننامە و هەڵوێست

لەسەر بڵاوبوونەوەی نامیلكەیەك، یەكگرتووی خوشكان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

لەسەر بڵاوبوونەوەی نامیلكەیەك، یەكگرتووی خوشكان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

 

 

لەسەر بڵاوبوونەوەی نامیلكەیەك، یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوەو تێیدا داوا دەكات ژنانی هەرێم گوێ‌ بەم جۆرە بۆچوونانە نەدەن.

ڕونكردنەوەیەك لە یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستانەوە ....
سەبارەت بە نامیلكەی (حەرامێتی شۆفێری كردنی ئافرەتان)

ئافرەتانی بەڕێز ... خوشكانی خۆشەویست ..

كوردستان بە درێژایی مێژوو كلتورێكی جوانی دینداری تایبەت بەخۆی لە كۆمەڵێ ڕوەوە هەیە، هەر بۆیە كەمترین ڕێگری لە بەردەم ژناندا بووە بۆ مومارەسە كردنی كارە جۆراوجۆرەكان، هەر ئەوەش وای كردووە لە مێژووی خۆماندا خاوەنی چەندین نمونەی بەرزبین.

لە ساڵەكانی دوای ڕاپەرینیشدا ئەم دیدگایە زیاتر فراوان بوو بە تایبەت كە هەندێك لایەنی ئیسلامی واقیع بینانەترو لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەكی دروست و ڕاستی ئایەتە قورئانیەكاندا، توانیان بە شێوەیەكی كرداری وێنای جوان و پێشەنگی ئافرەت لە بواری زانستی و كۆمەڵایەتی و سیاسی .. هتد نیشان بدەن و چەندین بۆچوونی هەڵەو چەواشەكاری بەرامبەر بە ژن ڕاست بكەنەوە.

بۆیە پێمان سەیرە دوای تێپەڕبوونی ئەم هەموو زەمەنەو ڕۆڵ بینینی ئافرەت لە سەرجەم بوارەكاندا، هەندێ كەس بەناوی ئیسلامەوە ڕێگە بەخۆیان بدەن بۆ وەرگێڕان و خستنە بازاڕی هەندێك نامیلكەو فەتوای بەسەرچووی ناواقعی، كە نەك هەر لە كوردستان قەبوڵ ناكرێت، بەڵكو لە خودی سعودیەش كە ووڵاتێكی داخراوە بەڕووی ژناندا ئەو فەتوایەیان تێپەڕاندووەو بەشێك لە ژنان بە پێداگری خۆیان شۆفێرن.

بۆیە ئێمە لە یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامیدا وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو بەناو فەتوایە دەڵێین، زۆر دەمێكە ئەو جۆرە بۆچوون و فەتوایانەمان تێپەڕاندووە، ژنانی هەرێمی كوردستان قۆناغی زۆریان بڕیوەو لە بوارەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و زانستی و پیشەیی پێشكەوتنی زۆریان بە دەستهێناوە.

لە كۆتایشدا خوازیارین تاكەكانی ئەم هەرێمە بەژن و پیاوەوە دوور لە هەر چوارچێوەیەكی تەسكی فیكری واز لە هاوردەكردنی هزری ناواقیعی و دژ بە ڕۆحی ئیسلام و لۆژیكی سەردەم بهێنن.

داواش لە ئافرەتانی ووڵاتەكەمان دەكەین گوێ بەم جۆرە شتانە نەدەن