دەربارەی یەکگرتوو

دەربارەی یەکگرتوو

 بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

( دەسپێك )

یەكگرتوو پارتێكی نیشتمانی كوردستانیە لە پێناو چەسپاندنی بەهاكانی ئازادیی‌و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی تێدەكۆشێت، بە مەرجەعیەتێكی ئیسلامیەوە لە سەر بنەمای هاوڵاتی بوون‌و بازنە فراوانەكانی برایەتی تا زەمینەی پێكەوە كاركردن بڕەخسێت لە پێناو كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو گەشەسەندودا.
یەكگرتوو لە سەر بنچینەی پێكەوە گرێدانی چەمكەكانی (ئیسلام ، مرۆڤایەتی ، نیشتمان ، نەتەوە) پێكهاتەو بنەمای فیكری و ستراتیژو ئامانج‌و پرۆگرامی پێگەیاندن‌و دیسپلینە رێكخراوەییەكانی دیاری دەكات.
یەكگرتوو پرسی گەشەدان بە بواری بانگەوازو پەروەردەو پێگەیاندن‌و گەشەدان بە پرۆسەی سیاسی لە مافی چارەی خۆنوسینەوە تا دەگاتە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ گەلی كوردستان، كردووەتە ئەركێكی ستراتیژی لە خەباتی خۆیدا، هاوكات پرسی دیموكراسیش وەك میكانیزم‌و ئەزمونێكی مرۆڤایەتی دەبینێ‌ بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەكی نیشتمانی دامەزراوەیی گەشەكردوو دوور لە دەستێوەردانی حیزبی، تاكار بكات بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتی، دواجار ئەم هێزەو ئەركەكانی ببنە سیما دیارەكانی ئامادەكاری لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكانی‌و بە دیهێنانی مافەكانی‌و خەبات لەپێناو گەیشتن بە خولیای مێژوویی گەلەكەمان.
یەكگرتوو (هاوڵاتی بوون) و (بە دامەزراوەیی كردن) و (یاسا سەروەری) بە سێ‌ بناغەی سەرەكی سەقامگیری سیستمی حوكمڕانی دادەنێت، تاكو لە خزمەتكردنی خەڵك‌و خاكی كوردستان، هەمووان وەك یەك رۆڵی سروشتی خۆیان بگێڕن، ئیتر هاوڵاتیان هەر ئاین‌و ئاینزاو پێكهاتەو ڕەگەزو ڕەنگێكی سیاسیان هەبێت بەبێ‌ هەڵاوێركردن، بەمەش چوارچێوەو زەمینەی بەدیهێنانی دادپەروەری لە وڵاتدا فەراهەم دەبێت، هەر بۆیە چاكسازیی سیاسی لەسەر بنەمای پەروەردەی تاك‌و چاكسازی كۆمەڵایەتی هەڵچنیوە.
یەكگرتوو قەناعەتی وایە پیاو و ژن هاوشان‌و تەواوكاری یەكترن‌و ئەرك‌و رۆڵیان تەنها لە رووی ئامادەیی‌و مەرجی یاسایی‌و لێهاتنەكانیانەوە دەبێت بێ‌ هیچ جیاكاریەك لە سەر بنەمای رەگەز.