هەواڵ و چالاکی مەڵبەندەکان

بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی شەهیدی یەكگرتوو پەیامێك بڵاودەكاتەوە

بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی شەهیدی یەكگرتوو پەیامێك بڵاودەكاتەوە

 

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

پشتیوانانی لیستی (175) ی ئیسلامخوازان و ئیسلاحخوازان ..
ئەندامان و دۆستان و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی .
ئیسلام دۆستان و ئیسلاحخوازان ..

جەماوەری سەربەرزی پارێزگای ئاشتی ..

ئێمە لە مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی شەهیدی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەڕێزو حورمەتەوە دەست لەسەر سنگ ڕادەوەستین و سوپاس و دەستخۆشی خۆمان بە ئێوەی ماندونەناس ڕادەگەیەنین, بۆ ئەو هەوڵ و ماندوبوونەی كە لە پێناو سەرخستنی لیستەكەمان لیستی (175) ی ئیسلامخوازان و ئیسلاحخوازان بێ‌ دابڕان و ماندووبوون گوێتان بە لەمپەرەكانی ڕێگە نەداو هیچ شتێك نەبوە ڕێگر.
ئەو لیستەی ئامانجیەتی حوكمی ڕەشیدو دیموكراتیانەو مسۆگەركردنی پاراستنی مافەكان و ئازادییە بنەڕەتیەكانی سەرجەم هاوڵاتیان و بونیاتنانی ئابوری وڵات بە ئابورییەكی فرە دەرامەت و كۆمەڵگەیەكی هاوسەنگ و هاوڵاتی بەرهەمهێنەرو شەفافكردنی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوت و گاز، مەردانە گەنج و پیرو دایكان و خوشكان بەرەو سندوقەكانی دەنگدان رۆیشتن و ویژدانی خۆیان ئاسوودە كرد, ئێوە ئەتوانن بە دەست و پەنجەی خۆتان دوا رۆژی وڵات بنەخشێنن، بە بەشداریتان هەڵبژاردنەكەتان جوانتركردو بە سیمای ئاشتی خوازانەی خۆتان كات و ساتەكانی هەڵبژاردنتان بە باشی بەڕێ كرد, هیمەت و بەدەمەوەبوون و پشتیوانیەكانتان زیاتر هانمان دەدات بۆ پێداگری لەسەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەدەستخۆشی خۆمان لە تەواوی كاندیدەكانی ئەم لیستە دەكەین بەتەواوی هەوڵ و هیمەتیان هۆكاری سەرخستنی لیستەكەمان بوون, ئەم هیمەتە بەرزەی هاوڵاتیانی پارێزگای ئاشتی دڵنیای كردین كە هیچ شتێك نابێتە ڕێگر لەبەردەم سەركەوتنەكانداو چۆك بەم گەلە ستەمدیدەدا ناداو بە مافەكانی خۆی دەگات، بەڵام مەخابن ناحەزانی گەل و نیشتمان و ئاینمان بە جۆرێكی پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو كودەتایەكی ئەلیكترۆنی ساختەی دەنگەكانیان كردو بەمەبەستی ڕێگریكردن لە گۆڕانكاری و دیموكراتی و ئیسلاحخوازی درێژەیان بەسیاسەتە شكستخواردووەكانی خۆیانداو جەماوەری گەلەكەمانیان بێ ئومێد كرد.
بەڵام ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەموو هەوڵێكی سیاسی و یاسایی و مەدەنی خۆمان بەگەڕ دەخەین بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو گزیكاری و گەندەڵی و دزیەی كە پاش كردنی لەماڵ و موڵكی هاوڵاتیان لە دەنگەكانیشیان كردیان.
جارێكی تر سوپاس و دەستخۆشی خۆمان بۆ هەموو لایەك دووپات دەكەینەوەو داواكارین لە خوای گەورە پشت و پەنای هەموولایەكمان بێت.

مەڵبەندی پێنجی هەڵەبجەی شەهیدی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2018/5/13