هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنی یەكگرتوو داوا لە داواكاری گشتی دەكات بێتە دەنگ لەسەر ڕوداوی گیان لەدەستدانی مامۆستاكەی دەربەندیخان

فراكسیۆنی یەكگرتوو داوا لە داواكاری گشتی دەكات بێتە دەنگ لەسەر ڕوداوی گیان لەدەستدانی مامۆستاكەی دەربەندیخان

 

 

لەسەر ڕوداوی گیان لەدەستدانی مامۆستاكەی دەربەندیخان دوای چەند مانگێك لە دەستگیركردنی لەلایەن ئاسایشەوە ، فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی ڕوداوەكە، داوا لە داوكاری گشتی دەكات بێتە دەنگ و بەرپرسانی ئاسایش ڕونكردنەوەی پێویست بدەن.


دەقی بەیاننامەكە:


"پێویستە ئاسایش و داواكاری گشتی بێنە دەنگ"


بەداخەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرباری ئەو هەموو قەیرانەی لەم هەرێمەدا دروست كراوە، هاوڵاتیان ڕوبەڕوی ڕوداوی سەیر و جەرگ بڕ دەكرێنەوە و هەمووان سەرسام دەكات، كە دواترینیان هەواڵی گیان لەدەستدانی تەمومژاوی مامۆستایەك بوو لە قەزای دەربەندیخان دوای چەند مانگێك لەدەستگیركردنی بە شێوەیەكی ئاشكرا،كە بە مردوویی تەرمەكەی فڕێ دەدرێت.


تاوانێكی لەم جۆرە بەهەموو شێوەیەك ئیدانە دەكەین و هەر تۆمەتێك ئاڕاستەی كەسێك بكرێت ناكرێت دوربێت لە دادگا و بنەكانی مافی مرۆڤ ، بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئاسایش وەڵامی بڕواكەریان هەبێت و داواكاری گشتی لە ئاست ڕووداوەكە بێتە دەنگ.


فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
7/4/2017