هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنی یەكگرتوو: لایەنەكان لەسەر مەزاری شەهیدان كۆببنەوە

فراكسیۆنی یەكگرتوو: لایەنەكان لەسەر مەزاری شەهیدان كۆببنەوە

 

 

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، داوا لەلایەنەكان دەكات لەسەر مەزاری شەهیدان كۆببنەوەو ناكۆكییەكانیان وەلابنێن. 

رۆژی پێنجشەممە 16-3 فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی 29 یەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە، لە مۆنۆمێنتی شارەكە پرێس كۆنفرانسێكیان سازكرد و داوایان لەلایەنەكان كرد لەسەر مەزاری شەهیدان كۆببنەوە و ناكۆكییەكانیان وەلابنێن.

لەپرێس كۆنفرانسەكەدا، ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەهەوڵی فراكسیۆنەكەیان هەڵەبجە كرا بەپایتەختی ئاشتی، بەڵام بەداخەوە بڕگەكانی ئەو یاسایە وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی حكومەت ‌و لەكارخستنی پەرلەمانەوە بووە.

وتیشی "پەرلەمانی كوردستان چەند مانگێكی كەمی لەبەردەمدایە تا ماوەكەی بەسەربچێت، بۆیە عەیبەیەكی گەورەیە بەپاساوی نەگەیشتن بەڕێككەوتن، هەڵبژاردنیش دوابخرێت".

هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا، شێركۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو رایگەیاند، داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكەین لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە كۆببنەوەو ناكۆكییەكانیان بەلاوەبنێن، ئەوەش لەبەر ئەو هەموو قوربانییەی هەڵەبجە و گەلی كورد داویانە.

وتیشی "دەبێت حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقیش خەباتێكی دیپلۆماسی چڕ دەستپێبكەن بۆئەوەی لەدەرەوەش بڕیاری ناساندنی هەڵەبجە بەپایتەختی ئاشتی بەرجەستەبێت و لەو رێگەیەوە خزمەتی زیاتری پارێزگاكە بكرێت".

 

ئـ . كـ