هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنی یەكگرتوو پرۆژە یاسایەكی تایبەت بە منداڵە ونبوەكان، دەباتە بەغدا

فراكسیۆنی یەكگرتوو پرۆژە یاسایەكی تایبەت بە منداڵە ونبوەكان، دەباتە بەغدا

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت:   بابەتی منداڵە ونبوەكان بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق  وروژاندومانە و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق  قسەمان لەسەری  كردوە و پرۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە دەیدەینە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 


د. موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بابەتی منداڵە ونبوەكان بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق وروژاندومانە و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق قسەمان لەسەری كردوە، لە ئێرانیش لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، لاریجانی كۆبوینەتەوە بەناوی پەرلەمانی عێراقەوە داوامان لێكرد كە پرسی دانانی یاسایەك بخرێتە ناو ئەجێندای كاریانەوە بۆ هاوكاری كردنی هەڵەبجەو قوربانیانی بۆ ئەوەی ئەو یاسایە ڕۆڵێكی هەبێت لەچارەسەر كردنی كێشەكە ئەوانیش بەڵێنیاندا كە هاوكارمان بێت لەو بوارەدا .

 

ڕاشیگەیاند: لێرەش كۆمەڵێك لەیاساناسانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پرۆژە یاسایەكیان ئامادە كردوە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەین لە پەرلەمانی عێراق بەهاوكاری پەرلەمانی ئێران بكرێتە یاسایەك و ڕۆلێكی هەبێت لە دۆزینەوەی منداڵە ونبوەكان و بەلانی كەمەوەو ژمارەیەك لەو خێزانانەی كە منداڵیان ونبوە ئازارەكانیان كۆتایی پێ بێت .

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد : لەگەڵ نزیكەی 25 پەرلەمانتار كۆبوینەتەوە تا پێشنیاری پرۆژەیاسایەك بكەین ئەوەش ڕونە كە پرۆژەی یاسا دانان درێژە خایەنە و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و كاتی دەوێت، گرنگ ئەوەیە ئەو ڕێگەیە بە هەنگاوی یەكەم دەست پێ بكەین .

 

لەلایەن خۆشیەوە لوقمان عەبدالقادر لە كۆنفرانسەكەدا ڕایگەیاند : ئەوەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك پرۆژەیەكە كاری لەسەر دەكەن ،بەڵام بەفەرمی لەلایەن ئێرانەوە پێمان وتراوە دەبێت ئەو پرسە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بدرێتە ئێمە، بۆیە ئەم كارە زۆر كارێكی كردەییە بۆ دەركردنی یاسایەك لە ئێراندا ئەگەر لەپەرلەمانی عێراق ئەم یاسا ببێتە بنەمایەك و هاوكار دەبێت بۆ ئێران .