هەواڵ و چالاکی فراکسیۆنەکان

فراكسیۆنی یەكگرتوو داوای كۆبونەوەی بەپەلەی سەرۆكی كاتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكات

فراكسیۆنی یەكگرتوو داوای كۆبونەوەی بەپەلەی سەرۆكی كاتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكات

 

 

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا نە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە نە حكومەتی هەرێمیش پێكهێنراوە، بۆ فشارخستنە سەر لایەنەكان فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی سەرۆكایەتی كاتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان دەكات بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی هاوبەش بۆ فشار خستنەسەر لایەنەكان بۆ ئەوەی پەرلەمان تەنها تەماشاكەر نەبێت.

 

دەقی بەیاننامەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو:


دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ مانگ بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەداخەوە دانوستانەكانی نێوان لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەتی بە سستی بەڕێوەدەچن و تا ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەكان هەڵنەبژیردراون كە ئەمەش گرفتی گەروەی دروستكردوە و زیانی گەورەی بە هاوڵاتیان گەیاندووە.

بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی نێوان سەرۆكی كاتی و سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكەین بۆ گەڵاڵەكردنی هەڵوێستێكی هاوبەش و دروستكردنی گوشار تا چیدی پەرلەمانتاران تەنها تەماشاكەر نەبن و گوشارەكانی خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بەم دۆخە هەڵپەسێردراوە بەرجەستە بكەن .

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان
29-1- 2019