هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو

ئه‌مڕۆ شەممە 25 ی شوبات_ی 2023 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد، بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا (صلاح الدین محمد بهاءالدین) ئەمینداری گشتی و بە سەرۆكایەتی بەڕێز (د. هادی عەلی) سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی.

لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ئەگەرو پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكان، بە تایبەتی تەنگژەی سیاسی ناوخۆی نێوان دوو لایەنەكەی حكومەتی هەرێم و كاریگەریە نەخوازراوەكانی لە سەر سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و لاوازبوونی زیاتری پێگەی هەرێم لە سەر ئاستی عێراق و دەرەوە..

هەر وەها باس لە ڕەوشی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدای كردو بە پێویستی زانی كاربەدەستانی هەرێم لە سەر بنەمای دەستور و یاسا كێشەی نەوت و بودجە و داهات چارەسەر بكەن ولەمە زیاتر كێشە بۆ قوت و بژێوی خەڵك دروست نەكەن.

لەو میانەدا كۆبوونەوە هەڵوەستەیكرد لە سەر زەرورەتی ئامادەسازی جیددی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە زووترین كات و كۆتایی هێنان بە بڕیاری درێژكردنەوە بێ پاساوەكەی پەرلەمان لە لایەن هێزو لایەنە پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆیەمەوە، كە بوو بە هۆی لە دەستدانی شەرعیەتی دەستووری پەرلەمان و بەو هۆیەشەوە سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان كەوتنە ژێر پرسیارەوە، ئەوە بوو یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەر لە سەرەتاوە دژی ئەو بڕیارە نایاساییە وەستایەوەو فراكسیۆنەكەشی لە كاتی خۆیدا وەك تاكە فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن دەست لە كار كێشانەوەی بە كۆمەڵی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد..

لەو میانەدا جەختی كردەوە لە سەر ئامادەیی یەكگرتوو بۆ دیالۆگ و گفتو گۆ لە گەڵ ناوەند ولایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات، بە مەبەستی پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گۆڕانكاری پێویست لەو ڕێگایەوە .

لە تەوەرەیەكی تردا كۆبوونەوە ڕێزو نرخاندنی خۆی ئاراستەی ڕێكخراوە خێرخوازییەكانی (رابیتەو بەختەوەری و هانا) كرد كە بە هاوكاری كەناڵی ئاسمانی سپێدە و مەكتەبی پەیوەندیەكانی یەكگرتوو لە ئەنقەرە، توانیان كەمپینێكی گەورە و كاریگەر بەرپا بكەن بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی پێویست بۆ لێقەرمانی بومەلەزرە كارەساتبارەكەی توركیاو سوریا، كە زیانێكی گەورەی گەیاند بە باكورو رۆژئاوایی كوردستان.. لەو سۆنەگەیەوە كۆبوونەوە سوپاس و ئاراستەی سەرجەم جەماوەری خێرخوازو دڵسۆزی هەرێمی كوردستان كرد كە بە گەرم و گوڕیەكی كەم وێنەوە بە دەم كەمپینەكەوە هاتن و سەروەریەكی پڕ شانازیان بۆ خۆیان و هەموو خەڵكی كوردستان تۆمار كرد.

لە لایەكی ترەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی باری ناوخۆی حیزبی تاوتوێكردو سوپاس و دەستخۆشی شایستەی ئاراستەی هەموو ئۆرگانەكان كرد كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا كارو چالاكی نەوعی و گرنگیان ئەنجامداوە، بە تایبەتی لە بواری پارێزگاریكردن لە شوناس و خێزان و بەها باڵاكان، لە بەرامبەر پلان و هەوڵی تێكدەرانەی هەندێ‌ ناوەندو لایەنی گوماناوی و ناحەز بە ئاداب و تایبەتمەندیە نەگۆڕەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی.

لە كۆتایی دا كۆبوونەوە هیوای خواست كە مانگی ڕەمەزانی ئەم ساڵ بكرێتە وێستگەو دەرفەت بۆ گەشەپێدانی زیاترو باشتری دیاردەی دینداری و پابەند بوون بە ڕەوشت و ئاكارە جوانەكانی ئیمان و ئیسلامەتی و بە ئەنجام گەیاندنی پلان و بەرنامەی ئەنجومەنی زانایان و بانگەوازی لەو بوارەدابە پێویست زانی.

 

جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی كردەوە كە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەمیشە وەك هێزێكی سەرەكی ڕەسەن و دڵسۆز و راستەقینەی گەلەكەمان بەردەوام دەبێت لە خزمەتكردنی گەل و نیشتمان و بەرگریكردن لە بەرژوەندیە باڵاكان و پشتیوانیكردنی بێ درێغ لە ماف و داخوازیەكانی گشت توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی و ڕوبەروونەوەی شێرپەنجەی گەندەڵی و ناعەدالەتی لە سیستەمی حوكمڕانی ئەم هەرێمەدا.