هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئاییندەی ئەم وڵاتە لەدەستی لاواندایە

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: ئاییندەی ئەم وڵاتە لەدەستی لاواندایە

ئەمڕۆ شەممە بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەمیانەی پێشكەشكردنی وتارێك لە خولی ئەنجومەنی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی لە ژێرناونیشانی (بەرەو دامەزراوەیی كردنی كاری ڕێكخراوەیی) ، ڕایگەیاند: خزمەتكردنی دەزگاكانی یەكگرتوو بۆ ڕەزامەندی خوداو بەبێ چاوەڕوانیكردنی سوپاسكردنی خەڵكە، یەكگرتوو متمانەی بەپڕۆژەی خۆیەتی و بەجۆرێكی جیاواز بونیادی مرۆڤ دەنێت كە بەشێوەیەك بێت ببێتە پێشەنگ لە كۆمەڵگەدا كە ئەوەش پێویستی بە هەوڵ و كۆششی زۆرەو لەمڕووەوە خاوەنی وتاری فیكری و پەروەردەیی و سیاسی تایبەت بەخۆمانین.

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو دووپاتیشیكردەوە كە ڕۆڵی ئەرێنی و سەركردایەتی خوشكان لە یەكگرتوودا جێگەی شانازیە، هەروەك خوشكان ئەركی قورسیان دەكەوێتە سەرشان بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی مرۆڤ بوونی مرۆڤەكان، لەكاتێكدا كە بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆر بەجێ دەهێنن.

بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ووتیشی: یەكێك لە قەیرانەكانی ئێستای كۆمەڵگەی كوردی لاوازكردنی بەرپرسیاریەتی لاوان و گەنجانە، بەڵام دامودەزگاكانی یەكگرتوو لە ڕێی چەندین پرۆگرامی پەروەردەیی و ڕاهێنانەوە كاری باشی كردووە بو زیادكردنی ئاستی بەرپرسیاریەتی و متمانە بەخۆبوونی لاوان، تاوەكو بزانن كە ئاییندەی ئەم وڵاتە لەدەستی ئەواندایە، بەمەرجێك بتوانن برەو بە تواناكانیان بدەن و خۆیان باش پەروەردە بكەن بۆ ئەوەی ڕەوڕەوەی مێژوو بگۆڕن.