هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت جێگای داخە ئەمرۆ كە 6 مین ساڵیادی ئەو كارەساتەیە ، هێشتا ئاسەواری ئەوكاولكاریە بەسەر شەنگال وشەنگالیەكانەوە ماوە و برینە قوڵەكەیان هێشتا لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە سارێژی وەكو پێویست نەكراوە.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ :

بەیاننامەی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە یادی كارەساتی (شەنگال) دا

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا دەستێكی دڕندە پەلاماری شاری شەنگالی ئازیزی داو لە ماوەیەكی كەمدا شاری شەنگال بوویە وێرانە و دانیشتوانە رەسەنەكەشی ئاوارە كران و بەشێكی زۆر لە ژن و منداڵ بوونە دیل و كۆیلە كران و دەنگدانەوەیەكی جیهانیی دروستكرد و وەك روداوێكی كۆمەڵكوژی و جینۆساید تۆماركرا.

بە داخەوە ئەو رووداوە دڵتەزێنە بەدەستی هێزێكی تیرۆریستی بەناو موسڵمان ئەنجامدرا و ئامانجی سرینەوەی گەلی كورد بە گشتی و ئێزیدیەكان بەتایبەتی بوو، كە هەمیشە ئامانجی سەرەكی نەیاران و دوژمنانی ئەم گەلە ڕەسەنە بووە.

جێگای داخە ئەمرۆ كە 6 مین ساڵیادی ئەو كارەساتەیە ، هێشتا ئاسەواری ئەوكاولكاریە بەسەر شەنگال وشەنگالیەكانەوە ماوە و برینە قوڵەكەیان هێشتا لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و حكومەتی ناوەندەوە سارێژی وەكو پێویست نەكراوە، ئەمە ئەوە لە ئێمە دەخوازێت كە نێوماڵی خۆمان ڕێكخەین و رێگە لە درز و كەلێن و ناكۆكیە ناوخۆییەكان بگرین و پێكەوە رووبەرووی هەڕەشە و تەحەدیاتە دەرەكیەكان ببینەوە. وێرای زەرورەتی تۆخكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردن و دژایەتی كولتووری خودپەرستی و یەكترسرینەوە. 

ئومێد دەكەین پەند و وانە لەم جۆرە كارەساتانە وەرگرین و جارێكی تر هیوای ئومێد و دەستی بونیادنانەوە بگاتەوە ئەو شارە ستەمدیدەو سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان.

 

ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری 

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان