هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

د.هادی عەلی : ئێستا ئیسلامییەكانی كوردستان جیاوازییە فكرییەكانیان زۆر كەمبۆتەوە

د.هادی عەلی : ئێستا ئیسلامییەكانی كوردستان جیاوازییە فكرییەكانیان زۆر كەمبۆتەوە

سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم دیمانەیەی دواڕۆژدا، باس لە شێواز و كاری بەرەی ئیسلامی دەكات و دەڵێت "دەمانەوێت بەو بەرە ئیسلامییە پەرتەوازەیی ئیسلامییەكان نەمێنێت"، لەبارەی ناكۆكییە مێژوویەكانی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو ئاماژە بەوەدەكات كە نایانەوێت ناكۆكییە مێژووییەكانی كۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی ببێتە رێگر لەبەردەم بەرە ئیسلامییەكە.

هاوكات د.هادی عەلی، كەسی دووەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت "كاری ئەو بەرە ئیسلامییە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و وردەكارییەكەی باس نەكراوە، بەڵام هەموو بوارەكان دەگرێتەوە".

دواڕۆژ: میكانیزم و شێوازی كاری ئەو بەرە ئیسلامییە چۆن دەبێت؟

د.هادی عەلی: بێگومان وەكو وڵاتانی ئیسلامی رەوتی ئیسلامی لە كوردستان هەیە كە خۆی لە سێ‌ حزبی ئیسلامی و چەندین رێكخراو و دامەزراوەی ئیسلامی دەبینێتەوە، لە ساڵانی نەوەدەكانەوە كار و فكری ئیسلامییەكان لەیەكتر جیابوون هەبوو رەوتێكی چەكداری و جیهادی بوو، هەروەها بەشێكی تریان میانڕەو بوون وەكو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەڵام ئێستا دوای گۆڕانكارییەكە لە كوردستان و عێراق جیاوازییەكان لەنێوان ئیسلامییەكان نەماوە و هەموو ئیسلامییەكان وازیان لەكاری چەكداری هێناوە، هەروەها هەموو ئیسلامییەكان كاری رێكخراوەیی دەكەن و مومارەسەی دیموكراسی و كاری مەدەنی دەكەن لە حكومەت و پەرلەماندان، هاوكات ئێستا نزیكبوونەوەیەكی زۆر هەیە لەنێوان ئسلامییەكان بەتایبەتی لەرووی كاری سیاسی و ئیسلامییەوە، بۆیە ئێستا هەرسێ‌ لایەنەكە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە هیچ پاساوێك بۆ لێك نزیك نەبوونەوەیان بۆیە پێویستە ئەوانیش لەناو چوارچێوەیەك خۆیان رێكبخەنەوە و هەڵوێستی سیاسییان رێكبخەن تاكو خزمەت بە دیموكراسی و پڕۆسەی سیاسی بكات تاكو وەكو هێزێكی سیاسی كاریگەر بن و پێگەیان هەبێت.

دواڕۆژ: ئەو لێك نزیكبوونەوەیە چەند بوار دەگرێتەوە، ئایا سەرجەم بوارەكانی كاری سێ‌ لایەنەكە دەگرێتەوە یاخود تەنیا لەبواری ئیسلامی و كاری فتوا و كاری خێرخوازی بەیەكەوە دەبن؟

د.هادی عەلی: كاری ئەو بەرە ئیسلامییە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و وردەكارییەكەی باسنەكراوە، بەڵام هەموو بوارەكان دەگرێتەوە، كۆبوونەوە و بیروڕا ئاڵوگۆڕ كراوە و ئێمە وەكو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوای كۆنگرە بە جددی كارمان لەسەر بەرەی ئیسلامی كردووە بەتایبەتی لەگەڵ هەردوو لایەنە ئیسلامییەكە و كەسایەتییە ئیسلامییەكان قسە كراوە، لەو گفتوگۆیانە دەركەوتووە كە هەموولایەك جددین لەسەر ئەو پێكەوەبوونە، بەڵام دەبێ ئەو بەیەكەوە بوونە دەبێت تەجاوزبكرێت بۆ قۆناغی تر و هەڵوێست و كاری هاوبەش هەبێت، لە دوو ساڵی رابردوو كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی لیستی خزمەتیان پێكهێناوە، بەڵام ئەوە دەتوانرێت فراوانتر بكرێت و پەرلەمانی كوردستان و عێراقیش بگرێتەوە.

دواڕۆژ: بۆچی ئەوكاتە بۆ دروستبوونی ئەو بەرە ئیسلامییە هەڵبژێردراوە، تاچەند پەیوەندی بە رێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەكێتییەوە هەیە؟

د.هادی عەلی: پێشتریش كاری هاوبەش لەنێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ هەبووە، بەڵام هەر سروشتی كاری سیاسی وایە هەموو رووداوێكی سیاسی كاریگەری خۆی دەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی پەرلەمان پەكخرا ئیسلامییەكان حەقی خۆیانە هەڵوێستەكانیان رێك بخەن چونكە ئیسلامییەكان بە جیا جیا 17 كورسیان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، بێگومان ئەگەر بەیەوەكەوە بن دەتوانن پارسەنگێكی باش بن بۆ كوردستان و هەروەها دەتوانن ببنە لایەنێكی كاریگەر و رۆڵیان هەبێت لە پڕۆسەی چاكسازی لە كوردستان.

دواڕۆژ: خاڵە لاواز و بەهێزەكانی ئەو بەرە ئیسلامییە خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟

د.هادی عەلی: هەڵبەت جارێ‌ بەرە ئیسلامییە هیچ ناوێكی لێ نەنراوە و لەسەرەتای كارەكەدایە، بۆیە جارێ‌ نازانرێت خاڵە لاواز و بەهێزەكانی ئەو بەرەیە چین؟

دواڕۆژ: جگە لە قوتابخانەی فكری ئیسلامییەكان و هەڵوێستەكانیان، بۆچوونیان جیاوازی ئیسلامییەكان نابێتە رێگر لەبەردەم ئەو بەرەیە؟

د.هادی عەلی: ئێستا ئیسلامییەكانی كوردستان وەكو یەكتر وان و زۆر لەیەكتر نزیكن و دەتوانرێت هەموو ئیسلامییەكان لە مەدرەسەی میانڕەوی حیساب بكرێن جێگایان بكرێتەوە، بەڵام ئێستا ئیسلامییەكانی كوردستان جیاوازییە فكرییەكانیان زۆر كەمبۆتەوە و هیچ رێگر نابێت لەبەردەم ئەو بەرە ئیسلامییە.

دواڕۆژ: لە داهاتوودا تاچەند پۆست و پلە و پایەی دەبێتە رێگر لەبەردەم كاری ئەو بەرە ئیسلامییە و چۆن دەتوانرێت ئەو كێشەیە تێپەڕێنرێت؟

د.هادی عەلی: لەسەرەتاوە هەموولایەك ئیحتیفاز بەكاری رێكخراوی و پەیكەری رێكخستنی خۆیانەوە دەكەن لەو قۆناغەدا، بەڵام ئەو بوارانەی كە ئیمكان هەیە هاوكاری یەكتر بن ئەوا هیچ كێشەیەك نابێت و كاری هاوبەشیان هەبێت، لەو قۆناغەدا پۆست و پلە و پایە نابێتە رێگر، بۆیە جارێ‌ زووە باس لەو رێگرییە بكرێت.

دواڕۆژ: چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بە دروستبوونی ئەو بەرە ئیسلامییە، كۆمەڵگەی كوردی نزیك دەبێتەوە لە دابەشبوون بەسەر دوو بەرە (بەرەی ئیسلامی و عەلمانی)، دروستبوونی ئەو دوو بەرە زیان بە كۆمەڵگەی كوردی ناگەیەنێت؟

د.هادی عەلی: ئێستا ئەو مەترسییە نەماوە چونكە ئێستا ئیسلامییەت وەكو دینداری بۆتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و گشتی و زۆربەی خەڵكی كوردستان دیندارە و واجباتی دینی زۆرتر دەبێت و حاڵەتە ئیسلامییەكە تایبەت نییە بە ئیسلامییەكان، بەڵام رەهەندە سیاسییەكە زۆر ئاساییە كە بەرەی ئیسلامی و عەلمانی هەبێت چونكە هەموویان لەسەر نەگۆڕە نیشتمانییەكان كۆكن و كێشەكە لەم رووەوە جیاوازی لەنێوان عەلمانییەكان و ئیسلامییەكاندا نییە.

دواڕۆژ: دروستبوونی ئەو بەرە ئیسلامییە خواستێكی جەماوەری ئیسلامییەكانە یاخود فشارێكی دەرەكییە لەسەر هەرسێ‌ لایەنەكە بۆئەوەی ئەوانیش پێگەیان هەبێت؟

هادی عەلی: بەدڵنیایەوە بەرە ئیسلامییەكە خواستێكی ئیسلامییە و هیچ پەیوەندییەكی بە فشاری دەرەكییەوە نییە، چونكە جگە لەسێ‌ لایەنەكە هەموو رێكخراوە ئیسلامییەكان و كەسایەتی و جەماوەری ئیسلامی ئاواتەخوازن بۆ كاری هاوبەشی ئیسلامییەكان، بەتایبەت بۆیە بەو كارە حاڵەتی پەرتەوازیی ئیسلامییەكان نامێنێت.

دواڕۆژ: ناكۆكییە مێژوویەكانی نێوان كۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان تاچەند دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەو بەرە ئیسلامییە؟

د.هادی عەلی: ئەو ناكۆكییەی نێوان هەردوولایەن بۆتە بەشێك لە مێژوو شتێكی ئەوتۆی نەماوە، جارێ‌ هەردوولایەن لەگەڵ یەكگرتوو هیچ كێشەیەكیان نییە ئەوەی نێوان كۆمەڵ و بزوتنەوە ئێستا ئاسایی بۆتەوە و گرفت دروست نابێت و ئێمەش نامەوێت ئەو ناكۆكییە ببێتە گرفت.

دواڕۆژ: بچووكی و گەورەیی هێزەكان و پێگەی جەماوەرییان بەنموونە یەكگرتوو رازییە بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان كە تەنیا یەك كورسی لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، سەركردایەتی ئەو بەرە ئیسلامییە بكات؟

د.هادی عەلی: وانازانم سەركردایەتی بەرەكە ببێتە گرفت لەبەردەم ئەو بەرەیە لەبەرئەوەی لە قۆناغی داهاتوو هەرلایەنێك بەپێی قەبارە و قورسایی خۆی لەنێو بەرە ئیسلامییەكەدا دەبێت، هەروەها جگە لەسێ‌ لایەنەكە نوێنەری رێكخراوەكانی ئیسلامی و كەسایەتی ئیسلامییەكانی تێدادەبێت.

دواڕۆژ: بۆچوونی هەرسێ‌ لایەنەكە (یەكێتی، پارتی و گۆڕان) لەسەر دروستبوونی ئەو بەرە ئیسلامییە چییە؟

د.هادی عەلی: تائێستا شتێكی روون و ئاشكرامان لێیان نەبیستووە، بەڵام پێویست ناكات هیچ لایەنێك نیگەران بێت چونكە دروستبوونی ئەو بەرە ئیسلامییە دژ بە هیچ لایەنێك نییە بەڵكو بۆ بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسییە.