هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

د. هادی علی : یه‌كگرتوو هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان

د. هادی علی : یه‌كگرتوو هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان

 

سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو جەخت ده‌كاته‌وه‌ كە یەكگرتوو پاڵپشتی تەواو لە خواست و مافەكانی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران و توێژی مامۆستایانی زانكۆو پەیمانگاكان دەكات و هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان .

ئەمڕۆ پێنج شەممە 8/9/2016 (د. هادی علی) سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو بە ئامادەبوونی (د. صلاح الدین بابكر) كارگێری ئەنجومەن، لە هەولێر پێشوازییان كرد لە دەستەیەك لە مامۆستایانی داكۆكیكار لە مافەكانی مامۆستایانی زانكۆو پەیمانگاكان.

سەرەتا (د. هاشم مصطفی ) بە ناوی دەستەكەوە وێڕای سوپاسی پێشوازی كردنەكە روونكردنەوەی تەواوی دا لە سەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە خەڵكی كوردستان تێیكەتوون بە تایبەت مامۆستایانی زانكۆو پەیمانگاكان و ئەو شوێنەوارە خراپەی كە پاشەكەوتی موچە دروستی كردووە لە سەر زانكۆكان و ئاستی زانستی، هەروەها ئەندامانی دەستەكە داوایان كرد كە لایەنە سیاسیەكان بە گشتی و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە تایبەت لەو بارەوە هاوكارو پاڵپشتیان بكەن.


لای خۆشیەوە (د. هادی علی) جەختی كردەوە كە یەكگرتوو پاڵپشتی تەواو لە خواست و مافەكانی خەڵكی كوردستان و فەرمانبەران و توێژی مامۆستایانی زانكۆو پەیمانگاكان دەكات و هەموو هەوڵێك دەدات لە پێناو چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و باشكردنی باری گوزەرانی فەرمانبەران و پێداچوونەوە بە بڕیاری پاشەكەوتی مووچە، هەروەها رایگەیاند كە لەو پێناوەدا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئەمڕۆ یاداشتنامەیەكی ئاڕاستەی حكومەت كردووە.