هەواڵ و چالاکی ئەنجومەنەکان

له‌ئاستێكی باڵادا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان كۆبونه‌وه‌

له‌ئاستێكی باڵادا یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و  بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان كۆبونه‌وه‌

وەفدێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستانیان كردو تیایدا چه‌ند پرسێك تاوتوێ كرا.

كاتژمێر 10 ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14/11/2018 وەفدێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان (د.هادی علی) سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و (د. صلاح الدین بابكر) و (م. فرهاد ملا صالح) كارگێرانی ئەنجومەنی جێبەجێكردن سەردانی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستانیان كردو لە لایەن بەڕێزان (م. كامیل حاجی علی) كارگێری مەكتەبی سیاسی و (د.عبدالله وەرتی) و (م. احمد گەرمیانی) ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە گەرمی پێشوازیان لێ كرا.


لە كۆبۆنەوەیەكدا كە نزیكی دوو كاتژمێری خایەند گفتۆگۆكرا لەسەر بارۆدۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكان خرانە ڕوو، لەتەوەرەیەكی تردا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خرایە بەر باس و گفتۆگوكردن و هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە كرا بۆ بەرەنجامەكانی لیستی (بەرەو اصلاح) كە لیستی هاوبەشی هەردوو لا بوو.


لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر پەرەپێدان و بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردولا و درێژەدان بە پرۆسەی هاوكاری ئیسلامی لە كوردستاندا.