ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی: به‌شكۆ و هیمه‌تی به‌رزه‌وه په‌یام و ئامانجه‌كانی یه‌كگرتوو به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی: هه‌موو پێكه‌وه به گوڕ و تینه‌وه پێشوازی له قۆناغی نوێ بكه‌ین و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین
بسم الله الرحمن الرحیم
به‌لاغی كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
ئه‌مرۆ شه‌ممه 6/10/2018 ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به ئاماده‌بوونی به‌رێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی و به‌سه‌رپه‌رشتی به‌رێز مامۆستا سه‌عید عه‌لی عه‌بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی سازكرد به مه‌به‌ستی تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه له 30/9 دا ئه‌نجام درا ..
سه‌ره‌تا كۆبوونه‌وه سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م رێكخستنه‌كان و ئۆرگانه‌كانی حیزب و كاندیده به‌رێزه‌كان و ده‌نگده‌رانی لیستی ( به‌ره‌و ئیصلاح ) كرد و هه‌وڵ و ماندووبوونه‌كانیانی به‌رزنرخاند.
پاشان كۆبوونه‌وه هه‌ڵوه‌سته‌ی كرد له‌سه‌ر ئه‌نجامه به‌راییه راگه‌یه‌نراوه‌كان و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشێلكاری و ساخته‌كاریانه‌ی كه لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامیان داوه و بووه‌ته هۆی ناشیرنكردنی پرۆسه‌كه و زیادكردنی رێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌كی نایاسایی و دوور له پێوه‌ره‌كانی دیموكراتی و مافه‌كانی مرۆڤ .
له‌وباره‌یه‌وه كۆبوونه‌وه بڕیاریدا به ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه سه‌ره‌تاییه راگه‌یێنراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كه، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو پێشێلكاری و ساخته‌كاریانه‌ی كه رووبه‌رووی پرۆسه‌كه بووه‌ته‌وه.
له ته‌وه‌ره‌یه‌كی تردا كۆبوونه‌وه راوه‌ستا له‌سه‌ر دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كرا و، له‌و باره‌یه‌وه كۆبوونه‌وه رایگه‌یاند كه سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو راشكاوانه دانده‌نێت به‌و پاشه‌كشه نه‌خوازراوه‌دا و ئاماده‌یه بۆ له ئه‌ستۆگرتنی هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌ك له‌و باره‌یه‌وه رووی تێبكات .
بۆئه‌و مه‌به‌سته سه‌ركردایه‌تی بڕیاریدا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بخاته گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه و ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری پێویست له تێكڕای ئۆرگانه حیزبیه‌كان و دانانی پلانی پێویست بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و خۆنوێكردنه‌وه و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه خراپه و گرێدانی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی له زووترین كاتدا .
سه‌باره‌ت به بژارده‌كانی به‌رده‌م یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ر له بایكۆتكردنی تێكڕای پرۆسه‌ی سیاسی یان هه‌ر هه‌ڵوێستێكی تر، كۆبوونه‌وه بڕیاریدا به ئه‌نجامدانی ئه‌و رێكارانه‌ی كه له پێره‌وی ناوخۆی حیزب‌دا دیاریكراوه و هه‌رچی زووه بڕیار و هه‌ڵوێستی رۆشن له‌و باره‌یه‌وه رابگه‌یه‌نێت .
له‌كۆتاییدا كۆبوونه‌وه داوای كرد كه رێكخستنه‌كان و ئۆرگانه‌كانی حیزب هه‌موو پێكه‌وه به گوڕ و تینه‌وه پێشوازی له قۆناغی نوێ بكه‌ین و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ین و به‌شكۆ و هیمه‌تی به‌رزه‌وه په‌یام و ئامانجه‌كانی یه‌كگرتوو به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین.